وه‌زیری رۆشنبیری سه‌ردانی ئیداره‌ی گه‌رمیان ده‌كات
6 / 8 / 2014
ئه‌مڕۆ (6ی ئاب) وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به مه‌به‌ستی دانانی به‌ردی بناغه‌ی پرۆژه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی رۆشنبیری كه‌لار و ئاگاداربوون له پرۆژه‌كانی پێشووتری تری سێكته‌ری رۆشنبیری ناوچه‌كه، سه‌ردانی گه‌رمیانی كرد له‌لایه‌ن سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیانه‌وه پێشوازی لێكرا.
له‌سه‌ره‌تای سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ كه‌لار، خالد دۆسكی وه‌زیری رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێم قایمقامیه‌تی قه‌زای كه‌لاری به‌سه‌ركرده‌وه و دواتر له سه‌ردانێكیدا بۆ ئیداره‌ی گه‌رمیان له‌لایه‌ن سه‌ڵاح كوێخا سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیانه‌وه پێشوازی لێكرا و له دیداری نێوانیاندا كه قایمقامی قه‌زای كه‌لار و به‌رێوه‌به‌ری گشتی رۆشنبیری و هونه‌ری گه‌رمیان و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی حكومی سنوره‌كه ئاماده‌ی بوون، گفتوگۆ له‌باره‌ی كار و پلان و پرۆژه‌كانی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری له سنوری گه‌رمیان كرا.
له‌سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا سه‌ڵاح كوێخا سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، له كابینه‌كانی پێشووتری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له بواری رۆشنبیری و هونه‌ردا پرۆژه‌كانی تایبه‌ت به لاوان، خزمه‌تێكی باش به گه‌رمیان كراوه، هیواشی خواست، له داهاتوودا گه‌رمیان بكرێت به سه‌نته‌رێكی گرنگ له بواری رۆشنبیری‌دا و پرۆژه‌ی ستراتیژی نوێی تێدا ئه‌نجامبدرێت.
پاشان خالد دۆسكی وه‌زیری رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تیشكی خسته‌ر سه‌ر پرۆژه‌كانی پێشووی بواری رۆشنبیری و هونه‌ر و وه‌رزش له گه‌رمیان و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له ماوه‌ی رابردوودا گه‌رمیان ژماره‌یه‌ك پرۆژه‌ی گرنگی تێدا ئه‌نجامدراوه و له پلانی وه‌زاره‌ته‌كه‌شیدایه له داهاتوودا گرنگی تایبه‌ت به گه‌رمیان بدرێت و پرۆژه پێویسته‌كانی بواری رۆشنبیری تێدا ئه‌نجام بدرێت.
دواتر له‌لایه‌ن وه‌زیری رۆشنبیری و سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان و قایمقامی قه‌زای كه‌لار و به‌رێوه‌به‌ری گشتی رۆشنبیری و هونه‌ری گه‌رمیان و ژماره‌یه‌ك له به‌رێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌كانی سنوره‌كه‌وه به‌ردی بناغه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی رۆشنبیری له‌شاری كه‌لار دانرا، كه به گوژمه‌ی زیاتر له سێ ملیار و 637 ملیۆن دینار و له‌سه‌ر بودجه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیر و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌چێته قۆناغی جێبه‌جێكردنه‌وه.
هه‌ر ده‌باره‌ی پرۆژه‌كه عه‌باس عه‌بدولره‌زاق به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی رۆشنبیری و لاوانی گه‌رمیان به سایتی (ئیداره‌ی گه‌رمیان)ی ووت "پرۆژه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی رۆشنبیری كه‌لار هه‌ریه‌كه له مه‌سره‌حی رۆمانی و هۆڵی سینه‌ما و گه‌له‌ری مۆدێرن و هۆڵی كۆنسێرت و میوزیك و هۆڵی سمینار له‌خۆده‌گرێت".
466 جار خوێندراوه‌ته‌وه |
|
|
|