سه‌ڵاح كوێخا برینداره‌كانی پێكدادانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی جه‌له‌ولا به‌سه‌رده‌كاته‌وه
10 / 8 / 2014
دوای ئه‌وه‌ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ (10ی ئاب)له ناحیه‌ی جه‌له‌ولا پێكدادان له نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و چه‌كدارانی داعش روویدا، به‌هۆیه‌وه چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ك شه‌هید و برینداربوون، هاوكات سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان برینداره‌كانی له نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی كه‌لار به‌سه‌ركرده‌وه.
له‌و سه‌ردانه‌یدا كه هه‌ریه‌كه له قایمقامی قه‌زای كه‌لار و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی چاودێری و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌رمیان یاوه‌ری بوون، سه‌ڵاح كوێخا سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان له نزیكه‌وه برینداره‌كانی به‌سه‌ركرده‌وه و وێڕای ئه‌وه‌ی هیوای چاكبوونه‌وه‌ی خێرای بۆ خواستن، به‌رپرسانی نه‌خۆشخانه‌كه‌ی راسپارد به‌شێوه‌یه‌كی باش خزمه‌ت به‌و بریندارانه بكه‌ن و چاره‌سه‌ری خێرایان بۆ بكه‌ن.
به‌پێی زانیارییه‌كان له پێكدادانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ناحیه‌ی جه‌له‌ولادا پێنج چه‌كداری داعش كوژران و چه‌ندینی تریشیان لێ برینداربوون، له به‌رامبه‌ریشدا دوو پێشمه‌رگه شه‌هیدبوون و 10 پێشمه‌رگه‌ی تریش برینداربوون، وه‌كو به‌رپرسانی نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی كه‌لار ئاماژه‌یان پێدا چاره‌سه‌ری پێویست بۆ برینداره‌كان كراوه و له ئێستادا ته‌ندروستیان جێگیره.
391 جار خوێندراوه‌ته‌وه |
|
|
|