وه‌زیری كاره‌با سه‌ردانی گه‌رمیان ده‌كات
24 / 8 / 2014
ئه‌مڕۆ (24ی ئاب) به‌مه‌به‌ستی كردنه‌وه‌ی وێستگه‌ی كاره‌بای (هێڵی 132 كه‌ی ڤی چه‌مچه‌ماڵ-كفری-كه‌لار) وه‌زیری كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێم و به‌یاوره‌ی سه‌ركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران له سلێمانی و شاندێك له به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی سه‌ردانی گه‌رمیانی كرد و له دیداریشیدا له‌گه‌ڵ سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان باس له كێشه و گرفته‌كانی كاره‌با له سنوره‌كه كرا.
له‌سه‌ره‌تای سه‌ردانه‌كه‌یدا د.سه‌لاحه‌دین بابه‌كر وه‌زیری كاره‌با له دیوانی ئیداره‌ی گه‌رمیان له‌گه‌ڵ سه‌ڵاح كوێخا سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان كۆبویه‌وه و له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له بارودۆخی گه‌رمیان و بارودۆخی سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگریكردنی پێشمه‌رگه له‌سنوره‌كه به گشتی و كێشه‌كانی كاره‌با به‌تایبه‌تی كرا. دواتر له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی كراوه‌دا هه‌ر له دیوانی ئیداره، به ئاماده‌بوونی هه‌ردوو كۆمپانیای جێبه‌جێكاری پرۆژه‌كه (كه‌ناڵ ئێران و گه‌یم ئاراك)ی ئێرانی به‌وردی تیشك خرایه‌سه‌ر پرۆژه‌ی (هێڵی 132 كه‌ی ڤی چه‌مچه‌ماڵ-كفری-كه‌لار) چۆنییه‌تی ته‌واوبوونی كاره‌كانی.
له ده‌ستپێكی كۆبونه‌وه كراوه‌كه‌دا سه‌ڵاح كوێخا سه‌رپه‌رشتیاری ئئیداره‌ی گه‌رمیان ووته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد و رایگه‌یاند: گه‌رمیان ناوچه‌یه‌كی گرنگی هه‌رێمی كوردستانه و له ماوه‌ی رابردوودا حكومه‌تی هه‌رێم له هه‌موو رویه‌كه‌وه خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شكردووه وه‌زاره‌تی كاره‌باش له خزمه‌تكردنی سنوره‌كه درێغی نه‌كردووه به كردنه‌وه‌ی ئه‌م وێستگه‌یه‌ش له سنوره‌كه‌مان دڵنیاین به‌شێكی زۆر له كێشه‌كانی كاره‌با چاره‌سه‌رده‌بن.
داواشیكرد، له‌به‌ر تایبه‌تمه‌ندێتی ناوچه‌ی گه‌رمیان كه ناوچه‌یه‌كی گه‌رمه به تایبه‌ت له وه‌رزی هاویندا، كاری باشتر بكه‌ن بۆ گه‌یاندنی كاره‌بای زیاتر بۆ سنوره‌كه و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، كێشه و كه‌موكورتییه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
دواتر د.سه‌لاحه‌دین بابه‌كر وه‌زیری كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێم وتارێكی پێشكه‌شكرد و تێدا ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، له ماوه‌ی رابردوودا وه‌زاره‌ته‌كه‌یان چه‌ندین پرۆژه‌ی له سنوری گه‌رمیان جێبه‌جێكردووه ئێستاش به دانانی ئه‌م وێسگه‌یه له سنوره‌كه به‌شێك له كێشه‌كانی كاره‌بای گه‌رمیان چاره‌سه‌رده‌بن و هه‌وڵیش ده‌ده‌ن له داهاتوودا به گه‌یاندنی پرۆژه‌ی تر ته‌واوی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
راشیگه‌یاند: ئه‌م پرۆژه‌یه به گوژمه‌ی زیاتر له 38 ملیار دینار له‌سه‌ر بودجه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاره‌بای سلێمانی جێبه‌جێكراوه سودێكی زۆری ده‌بێت بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی سنوری گه‌رمیان به تایبه‌تی.
دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش، به ئاماده‌بوونی وه‌زیری كاره‌با و سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان و سه‌ركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران له سلێمانی و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاره‌بای سلێمانی و نوێنه‌ری هه‌ردوو كۆمپانیای جێبه‌جێكاری پرۆژه‌كه، وێستگه‌كه كرایه‌وه.
461 جار خوێندراوه‌ته‌وه |
|