كه‌لار: رۆژی جیهانی ئاشتی به‌رز راگیرا
23 / 9 / 2014
دوێنێ ئێواره (22ی ئه‌یلول ) به دروشمی ئاشتی مافی گه‌لانه، له‌لایه‌ن كه‌مپینی پشتگیری پێشمه‌رگه و ڕێكخراوی پرۆژه بۆ به‌هاناوه‌هاتن و خێرخوازی به هاوكاری ئیداره‌ی گه‌رمیان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ڕۆشنبیری و هونه‌ری گه‌رمیان مه‌راسیمی ڕۆژی ئاشتی جیهانی به ئه‌نجامدانی چه‌ند چالاكیه‌كی جۆراو جۆر له شاری كه‌لار به‌رێوه‌چوو.
له ده‌سپێكی مه‌راسیمه‌كه‌دا له‌لایه‌ن سه‌ڵاح كوێخا سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان و ژماره‌یه‌ك به‌رێوه‌به‌ری سنوره‌كه په‌رده له سه‌ر تابلۆی ئاشتی له شه‌قامی گشتی كه‌لار به‌رامبه‌ر گۆرستانی شێخ عه‌بدولره‌حمان له ده‌روازه‌ی باشوری كه‌لار لادرا، چونكه ئه‌و شه‌قامه له‌كاتی هاتنی ئاواره‌كاندا هێمایه‌ك بووه بۆ هاتوچۆی عه‌ره‌به‌كانی باشور و ناوه‌راستی عێراق بۆیه ناونرا شه‌قامی ئاشتی.
دواتر مه‌راسیمه‌كه له شاری یاری كه‌لار به ئاماده‌بوونی عه‌بدوڵا ئه‌نوه‌ر جێگری سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان و به‌رێوه‌به‌ری گشتی رۆشنبیری و هونه‌ری گه‌رمیان و ژماره‌یه‌ك به‌رێوه‌به‌ر و هونه‌رمه‌ندی سنوره‌كه ده‌ستی پێكرد.
پاشان له مه‌راسیمه‌كه‌دا وتاری هاوسۆزی و پیشتیوانی بۆ گه‌لی كورد له رۆژئاوا و كوبانی له‌لایه‌ن ئیبراهیم زه‌ریف لێپرسراوی كه‌مپینی پشتگیری پێشمه‌رگه له گه‌رمیان پێشكه‌ش كرا‌و، تێیدا هاوخه‌می و پشتیوانی خه‌ڵكی گه‌رمیان بۆ رۆژئاوا پیشانداو، دواشی له هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد له پێناو دووباره نه‌بوونه‌وه كاره‌ساتی شه‌نگال، هه‌لوێستی جدیان هه‌بێت له ناسه‌قامگیری كوبانی چونكه ئه‌وان له مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌دان.
دواتر وتاری مه‌راسیم له‌لایه‌ن بێستون ژاڵه‌یی به‌رپرسی رێكخراوی پرۆژه خوێنرایه‌وه و تێیدا تیشكی خسته‌سه‌ر گرنگی ئه‌م رۆژه له جیهاندا رایگه‌یاند: كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان رۆژی 21ی ئه‌یلولی هه‌موو سالێك داناوه بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لانی دنیا ئاشت بكاته‌وه و ئه‌م رۆژه ببێت به بژارده‌ی یه‌كه‌م و نمونه‌ی باڵا له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ یه‌كتردا .
راشیگه‌یاند: به پێچه‌وانه‌وه ئێمه‌ی كورد هه‌مه‌یشه له رابردوودا له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م مامه‌ڵه‌یه بووین له‌لایه‌ن دیكتاتۆرترین رژێمه‌وه كوژاروین و داگیركراوین و سه‌ربراوین و موئامه‌ره و گه‌له كۆمه‌یان لێكردوین و ئه‌نفالكراوین و كیمابارانكراوین، ئێستاش له‌لایه‌ن پاره‌دارترین و پرچه‌كترین رێكخراوی تێرورستی جیهانه‌وه په‌لامار ده‌درێن ئه‌یانه‌وێت هاوشێوه‌ی كرداری دیكتاتۆره‌كان دووباره بكه‌نه‌وه و له‌و پێناوه‌شه‌دا پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانمان بۆ نیشتیمان ده‌جه‌نگن هه‌ر له كۆل نه‌داندان و پارێزگاری ده‌كه‌ن.
دواتر نوێنه‌ری ئاواره‌كان وتاری ئاواره عه‌ره‌به‌كان پێشكه‌شكرد تێیدا، ده‌ست خۆشی له هاوڵاتیان و قه‌زا و ناحیه‌كانی گه‌رمیان كرد كه له كاتی هاتنیان بۆ گه‌رمیان هاوكاری و یارمه‌تیان پێشكه‌ش كردووین. هه‌ر له مه‌راسیمه‌كه‌دا كۆمه‌ڵێك چالاكی هونه‌ری له‌لایه‌ن گروپی شانۆی شار و نمایشی كۆتر له‌لایه‌ن پشكۆ رۆسته‌م و شانۆی بوكه‌ڵه له‌لایه‌ن شانۆی منداڵانی گه‌رمیان نمایشكرا هه‌روه‌ها پێشه‌نگایه‌كی تابلۆی هونه‌ری تایبه‌ت به رۆژی جیهانی ئاشتی له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانی شاری كه‌لار وه سازكرا.
هه‌ر دوێنێ ئێواره به ئاماده‌بوونی سه‌ڵاح كوێخا سه‌په‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان و ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی حزبی و حكومی و كه‌س و كاری شه‌هیدان سنوره‌كه، له لایه‌ن مه‌ڵبه‌ندنی (11ی )رێكخستنی گه‌رمیانه‌وه مه‌راسیمێكی ماته‌مینی له‌شاری كه‌لار به‌رێوه‌چوو دواتریش په‌رده له سه‌ر تابلۆی هه‌ر چوار شه‌هیدی سه‌ركرده(فاتیح شێخ له‌نگه‌ری ,حه‌مه چاو جوانی كفری، جاسم وه‌ستا شه‌ریف،مه‌لا عیرفان) لادرا.
839 جار خوێندراوه‌ته‌وه |
|