وه‌زیری ته‌ندروستی سه‌ردانی ئیداره‌ی گه‌رمیان ده‌كات
23 / 10 / 2014
ئه‌مڕۆ(23ی تشرینی یه‌كه‌م ) وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌یاوه‌ری به‌رێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی گه‌رمیان و به‌رێوه‌به‌ری گشتی ده‌زگای ته‌ندروستی پێشمه‌رگه، به‌مه‌به‌ستی سه‌ردانیكردنی نه‌خۆشخانه‌كانی سنوری ئیداره‌ی گه‌رمیان و تیمه‌كانی ته‌ندروستی له به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی شه‌ر سه‌ردانی گه‌رمیانی كرد و له‌لایه‌ن سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیانه‌وه پێشوازی لێكرا.
له سه‌ره‌تای سه‌ردانه‌كه‌یدا د. رێكه‌وت حه‌مه ره‌شید وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی ئیداره‌ی گه‌رمیان كرد و له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ سه‌لاح كوێخا سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان رایگه‌یاند: وه‌زاره‌ته‌كه‌یان له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی شه‌ری پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ گروپی تیرۆرستی داعش هه‌موو هاوكاریه‌كی ته‌ندروستی بۆ به‌ره‌كانی جه‌نگ دابینكردووه، له‌و رووه‌شه‌وه پزیشكی پسپۆری بۆ نه‌خۆشخانه‌كانی سنوری ئیداره‌ی گه‌رمیان داناوه ئه‌مه جگه له ناردنی ده‌رمان و كه‌ره‌سته‌ی ته‌ندروستی بۆ به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی شه‌ر. پاشان وه‌زیری ته‌ندروستی ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ گه‌رمیان خسته‌روو، ووتی"ئه‌مرۆ سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌كانی شاری كه‌لار و كفری له سنوری ئیداره‌ی گه‌رمیان ده‌كه‌ین و دواتریش سه‌ردانی تیمه‌كانمان ده‌كه‌ین له به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی جه‌نگ به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون بۆ كه‌موكورتیه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه و گرفته‌كانی ته‌ندروستی له سنوره‌كه".
دواتر سه‌ڵاح كوێخا سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان وێرای ئه‌وه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی به گرنگ ناوبرد ئه‌وه‌ی خسته‌روو، له ئێستادا تیمه‌كانی ته‌ندروستی له به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی شه‌ر و پزیشك وكارمه‌نده‌كانی نه‌خۆشخانه‌كانی گه‌رمیان خزمه‌تێكی باش به برینداره‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌كاتی ته‌قینه‌وه و كاره‌تیرۆریستییه‌كان ده‌زگاكانی ته‌ندروستی له سنوری گه‌رمیان رۆڵێكی باشیان بینیوه له خزمه‌تكردن و چاره‌سه‌ركردنی برینداره‌كان.
هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان ده‌ستخۆشی له وه‌زیری ته‌ندروستی كرد و راشیگه‌یاند: له ماوه‌ی رابردوودا به‌شێكی زۆری له كێشه و كه‌موكورتیه‌كانی كه‌رتی ته‌ندرستی سنوری گه‌رمیان كراوه و هیواشی خواست له داهاتوودا خزمه‌تگوزاری باشتری بواری ته‌ندروستی بۆ سنوره‌كه دابینبكرێت.
547 جار خوێندراوه‌ته‌وه |
|