وه‌زیری كشتوكاڵ سه‌ردانی ئیداره‌ی گه‌رمیان ده‌كات
30 / 11 / 2014
ئه‌مڕۆ(30ی تشرینی دووه‌م) وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به یاوه‌ری شاندێك، به‌مه‌به‌ستی له نزیكه‌وه ئاگاداربوون له كاره‌كانی فه‌رمانگه‌كانی سه‌ر به وه‌زاره‌ته‌كه‌ی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه و كه‌موكورتیه‌كانی بواری كشتوكاڵ سه‌ردانی گه‌رمیانی كرد.
له سه‌ره‌تای سه‌ردانه‌كه‌یدا، عه‌بدولستار مه‌جید وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی ئیداره‌ی گه‌رمیان كرد و له كۆبونه‌وه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ سه‌ڵاح كوێخا سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌كه ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی خسته‌ڕوو، كه خۆی ده‌بینیه‌وه له به دواداچوونی كێشه و گرفته‌كانی بواری كشتوكاڵ له سنوری گه‌رمیاندا.
دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش، وه‌زیری كشتوكاڵی حكومه‌تی هه‌رێم به یاوه‌ری سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كشتوكاڵی گه‌رمیانی كرد و له كۆبونه‌وه‌یه‌كدا كه تێدا سه‌رجه‌م به‌رێوه‌به‌ر و به‌رپرسی فه‌رمانگه‌كانی سه‌ر به وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ئاماده‌ی بوون سوپاسی ئیداره‌ی گه‌رمیانی كرد بۆ هاوكاریكردنی فه‌رمانگه‌كانی بواری كشتوكاڵ و بوژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵی له سنوری گه‌رمیاندا.
دواتر هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا ره‌حیم حه‌مید، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كشتوكاڵی گه‌رمیان له راپۆرتێكدا تیشكی خسته‌سه‌ر چالاكیه‌كانیان و به ئامار و داتا گه‌شه‌كردنی كه‌رتی كشتوكاڵی له سنوره‌كه‌دا خسته‌ڕوو.
هاوكات، به ئاماده‌بوونی سه‌ڵاح كوێخا سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كشتوكاڵی گه‌رمیان له هۆڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه، وه‌زیری كشتوكاڵ له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری جوتیارانی به‌روبومه جیاوازه‌كانی كشتوكاڵ له سنوری گه‌رمیان كۆبویه‌وه و له كۆبونه‌وه‌كه چه‌ند كێشه و داواكاریه‌ك خرانه‌ڕوو، له به‌رامبه‌ریشدا وه‌زیری كشتوكاڵ به‌ڵینیدا له چوارچێوه‌ی یاسا و رێنماییه‌كان كار له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كان بكات.
543 جار خوێندراوه‌ته‌وه |
|