به‌چه‌ند چالاكییه‌ك مه‌راسیمی یادی 27 ساڵه‌ی تاوانی ئه‌نفال ئه‌نجامدرا
14 / 4 / 2015
به‌یانی ئه‌مڕۆ (14/4) به ئاماده‌بوونی وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و سكرتێری چه‌ند حزبێكی سیاسی و خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و ژماریه‌ك له ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان و وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی حكومه‌تی و حزبی و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له واریس و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان مه‌راسیمی سه‌ره‌كی یادی 27 ساڵه‌ی تاوانی ئه‌نفال له مه‌زاری شه‌هیدانی ئه‌نفال له گوندی دێبنه‌ی ناحیه‌ی رزگاری به‌رێوه‌چوو.
سه‌ره‌تای مه‌راسیمه‌كه به چه‌ند ساتێك وه‌ستان بۆ گیانی شه‌هیدان ده‌ستپێكرد و دواتر چه‌ند ئایه‌تێك له قورئانی پیرۆز خوێندرایه‌وه، دوابه دوای ئه‌وه‌ش سه‌ڵاح كوێخا سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان ووتارێكی پێشكه‌شكرد و تێدا رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ لێره‌دا كۆبوینه‌ته‌وه بۆ مه‌راسیمی یادی 27 ساڵه‌ی تاوانی ئه‌نفال، تاوانێك به‌دیدی هه‌مووان به‌یه‌كێك له قێزه‌ونترین و دڕه‌نده‌ترین تاوانی سه‌ده‌ی بیست له جیهاندا داده‌نرێت، كه تیایدا زیاتر له 182 هه‌زار مرۆڤی كورد ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه كوردبوون به‌ده‌ستی رژێمی به‌عسی فاشیزم رووبه‌ڕووی مه‌رگ بوونه‌وه ،ئه‌م ئازیزه ئه‌نفالكراوه سه‌ربه‌رزانه‌ش زۆربه‌یان دانیشتووی گه‌رمیان بوون، دیاره ئامانج له‌و تاوانه پاكتاوی ڕه‌گه‌زی وسڕینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد بوو.
ووتیشی: ئه‌مڕۆ كه یادی ئه‌نفال ده‌كه‌ینه‌وه، جارێكی تر وڵاته‌كه‌مان كه‌وتۆته به‌رهه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆریستانی داعش كه تاوانه‌كانی ئه‌م رێكخراوه تیرۆریستیه ده‌رهه‌ق به گه‌لی كورد له تاوانه‌كانی به‌عس كه‌متر نیه و ته‌واوكه‌ر و درێژه‌پێده‌ری تاوانی ئه‌نفالی به‌عسیه‌كانه، هه‌روه‌ك بینیمان هاوشێوه‌ی تاوانی ئه‌نفال له باشور و رۆژاوای كوردستان به گشتی و شه‌نگال به تایبه‌تی چه‌ندین كرده‌وه‌ی ئه‌نفال ئاسا و كۆمه‌ڵ كوژییان به‌رامبه‌ر گه‌له‌كه‌مان ئه‌نجامدا.
سه‌ڵاح كوێخا راشیگه‌یاند: ئه‌گه‌رچی له‌ماوه‌ی رابردوودا حكومه‌تی هه‌رێم توانیوێتی به‌شێك له داواكاریه‌كانتان جێبه‌جێبكات، به‌ڵام ده‌زانین هه‌رچی بۆ ئێوه‌ی ئازیز بكرێت قه‌ره‌بووی ئه‌و قوربانیه گه‌وره‌یه ناكاته‌وه كه له پێناو كوردستاندا به‌خشیوتانه، بۆیه ئێمه به‌ڵێن دوپاتده‌كه‌ینه‌وه هاوشێوه‌ی رابردوو پارێزه‌ری داواكارییه‌كانتان بین و ئه‌و په‌ڕی هه‌وڵ و توانا‌مان به‌گه‌ڕ بخه‌ین بۆ جێبه‌جێكردنیان.
دوای ئه‌وه‌ش مه‌حمود حاجی ساڵح وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی حكومه‌تی هه‌رێم ووتارێكی پێشكه‌شكرد و تێدا تێشكی خسته‌سه‌ر دڕه‌نده‌یی رژێمی به‌عس و ئه‌و كۆمه‌ڵكوژیانه‌ی له‌ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا درهه‌ق به گه‌لی كورد ئه‌نجامی داوه.
له وتاره‌كه‌یدا ووتیشی: ئێمه وه‌كو وه‌زاره‌ت هه‌موو هه‌وڵه‌كانمان چڕكردۆته‌وه بۆ جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان له‌چوارچێوه‌ی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان.
وه‌زیری شه‌هیدان ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌گه‌ڵ وه‌زارتی مافی مرۆڤی عێراق هه‌ماهه‌نگیان كردووه بۆ دۆزینه‌وه و هێنانه‌وه‌ی ئه‌و رووفاتانه‌ی ئه‌نفالكراوان كه له ناوچه جیاوازه‌كانی عێراقدان.
دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش، په‌رله‌مانتار سالار مه‌حمود ووتاری په‌رله‌مانی كوردستانی پێشكه‌شكرد و تێدا ووتی: ئه‌نفال تاوانێكی گه‌وره‌یه دژ به گه‌لی كورد نابێت تاوانبارانی ئه‌م كه‌یسی ئه‌نفال به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ربازیان ببێت.
ووتیشی: په‌رله‌مانی كوردستان په‌یامی بۆ هه‌موو جیهان هه‌یه كه هاوشێوه‌ی وڵاتانی سوید و به‌ریتانیا و نه‌رویج تاوانی ئه‌نفال به جینۆساید بناسێنین، له‌و رووه‌شه‌وه له هه‌وڵی به‌رده‌وام داین.
سالار مه‌حمود راشیگه‌یاند: ئێستا پرسی به پارێزگا بوونی گه‌رمیان له‌ژێر دیراسه‌ی په‌رله‌ماندایه و به‌پارێزگابوونی ئیداره‌ی گه‌رمیانیش كارێكی به‌جێیه چونكه ناوچه‌كه زۆر شیاوه بۆ به پارێزگابوون.
دواتر هه‌ر له درێژه‌ی مه‌راسیمه‌كه‌دا، په‌رله‌مانتار د. موسه‌نا ئه‌مین به‌ناوی په‌رله‌مانی عێراقه‌وه ووتارێكی پێشكه‌شكرد و رایگه‌یاند: به‌ناوی نوێنه‌رانی كورد له به‌غدا پرسه و ماته‌مینی خۆمان ئاراسته‌ی كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی ئه‌نفالكراوان ده‌كه‌ین و لێره‌وه پێیان راده‌گه‌یه‌نین كه له ئێستادا له‌سه‌ر ئاستی داموده‌زگا فیدڕاڵییه‌كانی عێراق كه‌یسی ئه‌نفال به جینۆساید ناسێنراوه و چه‌ندین تاوانباری كه‌یسه‌كه‌شی سزاداوه.
دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ن هاوڕی پێشڕه‌و به‌ناوی رێكخراوه‌كانی بواری ئه‌نفال و واریس و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی ئه‌نفالكراوانه‌وه ووتارێكی پێشكه‌شكرد و تێدا چه‌ند داواكارییه‌كی ئاراسته‌ی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد كه خۆی ده‌بینییه‌وه له، هه‌وڵه‌كان چڕبكرێته‌وه بۆ به‌جینۆساید ناساندنی كه‌یسی ئه‌نفال له ئاست وڵاتانی جیهان و ده‌ستگیركردنی ئه‌و جاش و موسته‌شارانه‌ی كه ده‌ستیان هه‌بووه له شاڵاوی ئه‌نفالدا، له‌گه‌ڵ هێنانه‌وه‌ی ئه‌و رووفاتانه‌ی ئه‌نفال كه تائێستا نه‌هێنراونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها دواشیكرد، مۆنۆمێنتێكی شایسته له گه‌رمیان بۆ ئه‌نفال بكرێته‌وه و كاری جدی بكرێت بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسی ماف و ئیمتیازاتی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان.
دواتر، له‌لایه‌ن گروپی دوێته‌یلی خانه‌قینه‌وه، چه‌ند سرودێكی نیشتمانی پێشكه‌شكرا. له كۆتایی مه‌راسیمه‌كه‌شدا، له‌لایه‌ن به‌رپرسان و لایه‌نه‌سیاسیه‌كان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی تاجه‌گوڵینه‌ی رێز و وه‌فاداری له‌سه‌ر مۆنۆمێنتی ئه‌نفال دانرا.
بڕیاره له چه‌ند رۆژی داهاتوشدا، چه‌ندین چالاكی تر تایبه‌ت به یادی 27 ساڵه‌ی تاوانی ئه‌نفال له‌شاری كه‌لار و كفری و خانه‌قین ئه‌نجامبدرێت
369 جار خوێندراوه‌ته‌وه |
|