قایمقامی كه‌لار و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی شێخ ته‌ویل ده‌ستبه‌كاربوون
10 / 5 / 2015
به‌یانی ئه‌مڕۆ (10ی ئایار) به ئاماده‌بوونی سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان و ژماره‌یه‌ك له به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌كانی سنوره‌كه، له چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی لایه‌نه سیاسیه‌كان بۆ ئاڵوگۆڕی پۆسته‌كانی ئیداره‌ی گه‌رمیان، له‌مه‌راسیمێكدا كه له دیوانی قایمقامیه‌تی قه‌زای كه‌لار به‌ڕێوه‌چوو، هه‌ریه‌كه له قایمقامی نوێی قه‌زای كه‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان و به‌ڕێوه‌به‌ری نوێی ناحیه‌ی شێخ ته‌ویلی سه‌ربه قه‌زای كه‌لار ده‌ستبه‌كاربوون.
له‌سه‌ره‌تای مه‌راسیمه‌كه‌دا، سه‌ڵاح كوێخا سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان رایگه‌یاند: له چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان ئاڵوگۆڕ له پۆسته‌كانی قایمقامی قه‌زای كه‌لار و ناحیه‌ی شێخ ته‌ویل ئه‌نجامدراوه و ئه‌مڕۆ هه‌ردوو به‌ڕێز (شه‌هاب حاجی ئه‌حمه‌د) وه‌كو قایمقامی قه‌زای كه‌لار و رامیار عه‌بدولره‌حمان وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی شێخ ته‌ویل له‌سه‌ر پشكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ستبه‌كار ده‌بن.
ووتیشی: وێڕای ئه‌وه‌ی پیرۆزباییان لێده‌كه‌ین هیوادارین له كاركانیان سه‌ركه‌وتووبن و هه‌موو پێكه‌وه بتوانین به‌پشتیوانی و هاوكاری یه‌كتر هه‌وڵه‌كانمان كۆبكه‌ینه‌وه بۆ خزمه‌تكردنی هاوڵاتیان و ئه‌نجامدانی كاره‌كان به شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو، له‌و ڕووه‌شه‌وه ئیداره‌ی گه‌رمیان به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكار ده‌بێت.
راشیگه‌یاند: هه‌ر لێره‌شه‌وه، ئه‌وپه‌ڕی سوپاس و پێزانینی خۆمان ده‌گه‌ینین به به‌رێز (جه‌لال نوری) قایمقامی پێشووی قه‌زای كه‌لار كه به‌شاهیدی هه‌موو چین و توێژه‌كانی ناوچه‌كه له ماوه‌ی كاركردنی وه‌كو قایمقام توانیوێتی خزمه‌تێكی باش به‌سنوره‌كه بگه‌یه‌نێت، هه‌روه‌ها سوپاسی به‌ڕێز ساهیر عه‌لی به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی ناحیه‌ی شێخ ته‌ویل ده‌كه‌ین كه له رابردوودا له‌و سنوره خزمه‌تی باشی كردووه و جێگه‌ی ده‌ستی دیار بووه.
دواتر، جه‌لال نوری قایمقامی پێشووی قه‌زای كه‌لار له‌مه‌راسیمه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، سوپاسی سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان و سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌كانی سنوره‌كه و هاڵاتیانی كه‌لار و ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی سنوره‌كه ده‌كات كه له‌ماوه‌ی رابردوودا پشتیوان و هاوكاری بوون بۆ ئه‌نجامدانی كاره‌كانی.
هاوكات هه‌ر له مه‌راسیمه‌كه‌دا، جه‌لال نوری قایمقامی پێشووی قه‌زای كه‌لار، وێڕای ئه‌وه‌ی پیرۆزبایی له قایمقامی نوێی قه‌زای كه‌لار و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی شێخ ته‌ویل كرد به بۆنه‌وه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونیه‌وه دیاری تایبه‌تی پێشكه‌ش به قایمقامی نوێی كه‌لار كرد و، هیوای خواست له كاره‌كانی سه‌ركه‌وتوو بێت و بتوانێت خزمه‌ت به هاوڵاتیانی ناوچه‌كه بگه‌یه‌نێت.
دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش، شه‌هاب حاجی ئه‌حمه‌د قایمقامی نوێی قه‌زای كه‌لار له مه‌راسیمه‌كه‌دا، ووته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد و تێدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ئه‌و وه‌كو قایمقامی قه‌زای كه‌لار هه‌موو هه‌وڵێكی ده‌خاته‌گه‌ڕ تا بتوانێت به‌شێوه‌یه‌كی باش خزمه‌ت به سنوره‌كه و هاوڵاتیان بگه‌یه‌نێت.
ووتیشی: لێره وه‌كو تیمێك به‌بێ له به‌رچاوگرتنی بیروبۆچوون و ئینتیمای جیاواز خزمه‌ت ده‌كه‌ین و هیوادارین بۆ سه‌ركه‌وتن له كاره‌كان و له‌پێناو به‌رژوه‌ندی گشتی، هه‌موو لایه‌ك هاوكار بن تا بتوانین پێكه‌وه خزمه‌تی زیاتری ناوچه‌كه بكه‌ین.
349 جار خوێندراوه‌ته‌وه |
|
|
|