خانه‌قین: دیبه‌یتی نێوان هاوڵاتیان و به‌رپرسان ئه‌نجامدرا
14 / 9 / 2015
رۆژی (13ی ئه‌یلول) له دیبه‌یتێكدا كه رێكخراوی پرۆژه له شاری خانه‌قین سازیدا و، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان و قایمقامی قه‌زای خانه‌قین و ژماره‌یه‌ك له به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانی سنوره‌كه ئاماده‌ی بوون، له‌لایه‌ن هاوڵاتیان و رۆژنامه‌نوسان و چالاكانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی شاری خانه‌قین چه‌ندین پرسیار و ره‌خنه و پێشنیار ئاراسته‌ی به‌رپرسان كران و به ووردی تیشكخرایه‌سه‌ر گرفت و كێشه‌كان له‌شاره‌كه.
له‌سه‌ره‌تای دیبه‌یته‌كه‌دا كه له ماڵی رووناكبیری سه‌لام له قه‌زای خانه‌قین به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوی پرۆژه ووتی "خانه‌قین له هه‌موو قه‌زا و ناحیه‌كانی سنووری گه‌رمیان وگه‌رمه‌سێر جیاوازه به‌وه‌ی شاره‌كه له ڕه‌وشێكی سیاسی وئیداری مۆله‌قدایه و ئه‌م شاره له دوای پرۆسه‌ی ئازادی عیراقه‌وه له نێوان هه‌رێم وبه‌غادا هه‌ڵواسراوه، ژیانی خه‌ڵك و خزمه‌تگوزاریه گشتیه‌كانیش بوونه‌ته قوربانی ئه‌م بارودۆخه، پرسی گه‌نده‌ڵیش لێره له شوێنه‌كانی تر جیاوازه". دواتر سه‌ڵاح كوێخا سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان ووته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد و رایگه‌یاند: ئێمه له ئیداره‌ی گه‌رمیان له ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا گرنگیمان به قه‌زای خانه‌قین داوه و له‌سه‌ر بودجه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم هاوشێوه‌ی شار و شارۆچكه‌كانی تری گه‌رمیان گرنگیمان به خانه‌قین داوه و چه‌ندین پرۆژه‌ی گرنگ له بواره جیاوازه‌كاندا تێدا جێبه‌جێكراوه.
ووتیشی: ئامانج له كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هاوڵاتیان و رۆژنامه‌نوسان و چالاكانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی شاری كفری ئه‌وه‌یه به هه‌موو لایه‌ك ده‌ستبخه‌ینه سه‌ر كه‌موكورتییه‌كان تا بتوانین ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستهاتووه پارێزگاری لێبكه‌ین و ئه‌وه‌شی به ده‌ستنه‌هاتووه كار بۆ به‌ده‌ستهێنانی بكه‌ین.
سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان راشیگه‌یاند: ئه‌و ره‌خنه و پێشنیارانه‌ی له‌م دیبه‌یته‌دا ده‌خرێنه‌ڕوو، دواتر له دووتوێی راپۆرتێكدا له‌لایه‌ن رێكخراوی پرۆژه ئاراسته‌ی ئیداره‌ی گه‌رمیان ده‌كرێت و ئیداره كاری له‌سه‌ر ده‌كات
ووتیشی: ئێمه له ئیداره‌ی گه‌رمیان به‌سوپاسه‌وه له‌م جۆره چالاكییانه ئاماده ده‌بین و پێمان باشه له داهاتوودا به‌رده‌وام بێت و به‌لانی كه‌مه‌وه له‌ساڵێكدا چوار جار به‌شێوه‌ی وه‌رزی ئه‌نجام بدرێت.
دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش كاره‌كانی دیبه‌یته‌كه ده‌ستیپێكرد و ده‌رگای گفتوگۆ له نێوان به‌رپرسان و هاوڵاتیان و رۆژنامه‌نوسان و چالاكانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی كرایه‌وه و تێدا چه‌ندین پرسیار و ره‌خنه و پێشنیار خرانه‌ڕوو دواتر له‌لایه‌ن سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان و به‌رێوه‌به‌ره‌گشتییه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانه‌وه وه‌ڵامی ره‌خنه و پرسیاره‌كان درایه‌وه..
295 جار خوێندراوه‌ته‌وه |
|