لە گەرمیان زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا
2 / 10 / 2017
ئەمڕۆ (۲ی تشرینی یەکەم) بەئامادەبوونی سەڵاح کوێخا سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان و قایمقامی قەزای کەلار و بەڕێوەبەری پەروەردەی کەلار و سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی و ژمارەیەک مامۆستا، لەئامادەیی(تۆفیق ئەفەنی) لەشاری کەلار یەکەم زەنگی ساڵی نوێ ی خوێندن لێدرا.
لەو ڕێوڕەسمەدا دارا ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان ووتەیەکی پێشکەشکردو تیایدا، دەست خۆشی لەمامۆستایان و خوێندکاران و کەسوکاریان کرد کەساڵی ڕابردوو سەرباری ناھەمواری باری دارایی پرۆسەی خوێندن بەردەوام بوو، ووتیشی "ئومێدەوارین پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بەسەرکەوتووی بەکۆتابێت و ھیچ گرفت و کێشەیەک نەیەتە ڕێگای پرۆسەکەو گەرمیان وەک ھەمیشە ببێتە نمونەیەکی جوان لەکوردستاندا".
پاشان لەلایەن چەند خوێندکارێکەوە ئاڵای کوردستان ھەڵدراو دواتر لەلایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان و بەڕێوەبەری پەروەردەی کەلارەوە، زەنگی چوونە ژوورەوەی خوێندکاران بۆ پۆلەکانیان لێدرا ساڵی خوێندنی (۲٠۱۷-۲٠۱۸) دەستیپێکرد.
429 جار خوێندراوهتهوه |
|
|
|