ئه‌مڕۆ (26ی تشرینی دووه‌م) ژماره‌یه‌ك له هاوڵاتیانی ئاواره‌ی دوزخورماتوو له‌به‌رده‌م ئیداره‌ی گه‌رمیان خۆپیشانیداێكیان ئه‌نجامدا و داوایانكرد، حكومه‌تی هه‌رێم كار بكات بۆ خزمه‌تكردنیان و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ قه‌زاكه‌یان.
له‌و خۆپیشاندانه‌دا، هاوڵاتیانی ئاواره‌ی دوزخورماتوو داواكارییان ئاراسته‌ی ئیداره‌ی گه‌رمیان كرد، داوایانكرد خزمه‌تگوزاری پێویست و شایسته‌یان بۆ دابین بكرێت و حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا رێكبه‌وێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی دوزخورماتوو و و گه‌ڕانه‌وه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی هه‌روه‌ها كاربكرێت بۆ پاراسیتنی ئه‌منیه‌تیان له دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان.
دواتر سه‌ڵاح كوێخا سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان به‌ده‌م خۆپیشانده‌رانه‌وه چوو و رایگه‌یاند، له یه‌كه‌م رۆژی روداوه‌كانه‌وه ئیداره‌ی گه‌رمیان بانگهێشتی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی كردووه و كێشه و موعانات و داخوازی و ئه‌و غه‌دره‌ی لێتان كراوه پێمانگه‌یاندوون، دوات بۆ ئه‌وه‌ی له نزیكه‌وه ئاگاداری ره‌وشی ژیان و گوزه‌رانی ئێوه بن له‌سه‌ر ئاستی باڵا رێكخراوه‌كانی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان سه‌ردانی ناحیه‌ی زینانه‌یان كردووه، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی له ئیداره‌ی گه‌رمیان ژووری عه‌مه‌لیات به به‌شداری نوێنه‌رانی دوزخورماتوو پێكهێنراوه به‌به‌رده‌وامی كاری له‌سه‌ر داخوازییه‌كانی ئێوه‌ی كردووه.
ووتیشی، ئێمه پشتیوانی ته‌واوی داواكارییه‌كانتان ده‌بین و له‌سه‌ر ئاستی باڵای حكومه‌ت كارمان له‌سه‌ركردوون و به‌رده‌وامیش ده‌بین له هه‌وڵه‌كانمان تا بتوانین به‌شێوه‌یه‌كی زۆر باش خزمه‌تی ئێوه بكه‌ین و داواكارییه‌كانتان جێبه‌جێبكرێت.
هاوكات، د. فه‌رهاد قادر ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له فراكسیۆنی یه‌كێتی به خۆپیشانده‌رانی راگه‌یاند، ئه‌وان وه‌ك نوێنه‌رانی كورد له به‌غدا، هه‌موو هه‌وڵه‌كانیان به‌گه‌ڕخستووه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی دوزخورماتوو هه‌موو ئه‌و كاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر كوردیشدا هاتووه به راپۆرتێك ئاراسته‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیان كردووه.
ئه‌وه‌شی، خسته‌ڕوو، له ئێستادا له هه‌وڵدان به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان هێزێكی تۆكمه‌ی ئه‌منی له دوزخورماتوو جێگیربكات بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتیانی كورد بگه‌ڕێنه‌وه قه‌زاكه و ئه‌منیه‌تیان پارێزراو بێت.