كونسوڵی هۆڵه‌ندا سه‌ردانی ئیداره‌ی گه‌رمیان ده‌كات
12 / 12 / 2017
به‌یانی ئه‌مڕۆ (12ی كانوونی یه‌كه‌م) كونسوڵی هۆڵه‌ندا له هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی ئیداره‌ی گه‌رمیانی كورد و له‌گه‌ڵ سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان كۆبویه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه هه‌ریه‌كه له جێگری سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان و قایمقامی قه‌زای كه‌لار و به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی گه‌رمیان ئاماده‌ی بوون، سه‌ڵاح كوێخا سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان رایگه‌یاند، خۆشحاڵین ئه‌مڕۆ كۆنسوڵی هۆڵه‌ندا له هه‌رێمی كوردستان وه‌ك یه‌كه‌م كونسوڵی ووڵاتانی ئه‌وروپا سه‌ردانی ئیداره‌ی گه‌رمیان ده‌كات ئه‌مه خۆی له خۆیدا گرنگیدانی ئه‌و وڵاته‌یه به ناوچه‌كه‌مان.
سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، ئیداره‌ی گه‌رمیان هاوشێوه‌ی پارێزگاكانی تری هه‌رێم وه‌ك پارێزگایه‌ك ده‌سه‌ڵاته كارگِێڕییهكانی پێبه‌خشراوه و پێگه‌یه‌كی گرنگی هه‌یه له هه‌رێمی كوردستانه، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به‌هۆی هاوسنوری گه‌رمیان له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی ناوه‌راستی عێراق و به‌هۆی شه‌ڕی داعش و ئاڵۆزییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی دوزخورماتوو، ژماره‌یه‌كی زۆر ئاواره له سنوره‌كه جێگیر بوون، هاوكات ئه‌وه‌ی روونكرده‌وه، كه گه‌رمیان له شۆڕشه‌كانی رابردووی گه‌لی كورددا هه‌میشه له ریزی پێشه‌وه‌ی به‌رگری بووه و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌ش، له پرۆسه‌ی ئه‌نفالدا له‌لایه‌ن حكومه‌تی به‌عسه‌وه زۆرترین قوربانی داوه و ئێستا به چه‌قی ئه‌نفال ناسراوه.
دواتر، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان باسی له بارودۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و قه‌یرانی دارایی و ژیانی هاوڵاتیان كرد، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه به‌پێچه‌وانه‌ی پارێزگاكانی تر لێره هاوڵاتیان كه‌متر له كه‌رتی تایبه‌ت كارده‌كه‌ن و زیاتر له كه‌رتی حكومی كارده‌كه‌ن.
سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان وێڕای ئه‌وه‌ی سوپاسی وڵاتی هۆڵه‌ندای كرد، كه ئه‌مڕۆ كونسوڵهكهیان ئیداره‌ی گه‌رمیانی به‌سه‌ركردۆته‌وه و هه‌روه‌ها هاوكارییه‌كانی له‌رێگه‌ی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه بۆ ئاواره‌كانی نیشته‌جێبووی سنوره‌كه، داوایكرد، ئه‌و وڵاته له رووی كاری رێكخراوه‌یی خێرخوازی و كاری بازرگانی بێنه گه‌رمیان و به‌شدارییان هه‌بێت و ئیداره‌ی گه‌رمیانیش له چوارچێوه‌ی یاسا به‌ركاره‌كان هاوكاریان ده‌بێت.
دواتر، جانێت ئاڵبردا كونسوڵی هۆڵه‌ندا له هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، زۆر خۆشحاڵم ئه‌مڕۆ هاتومه‌ته گه‌رمیان و له نزیكه‌وه ئاشنابووم به‌م ناوچه گرنگه‌ی هه‌رێمی كوردستان و هه‌وه‌ها ئێمه وه‌ك دۆستی كوردان له شه‌ڕی داعشدا دڵمان لای كوردستان بووه.
ووتیشی: ئێمه دۆستایه‌تییه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ گه‌لی كورد هه‌یه، ووڵاتی هۆڵه‌ندا له‌رێگه‌ی رێكخراوه خێرخوازییه جیهانییه‌كانه‌وه هاوكاری پێشكه‌ش ئاواره‌كان كردووه له هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی هۆڵه‌ندا له چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی جیهانی دژی داعش پاڵپشتی پێشمه‌رگه بووه و تا ئێستاش له هه‌وڵێر تیمی سه‌ربازیمان هه‌یه و مه‌شق به پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن.
كونسوڵی هۆڵه‌ندا راشیگه‌یاند، ئه‌مڕۆ به‌و ئامانجه هاتونه‌ته گه‌رمیان له له نزیكه‌وه قه‌ڵای شێروانه ببینن چونكه دوو رێكخراوی هۆڵه‌ندی بڕیاریان داوه ئه‌ركی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌ڵای شێروانه له ئه‌ستۆ بگرن، هه‌روه‌ها ده‌عمی زیاتری رێكخراوه خێرخوازییه‌كان بكه‌ین كه له كامپه‌كانی گه‌رمیاندا خزمه‌ت به ئاواره‌كان ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، تا ئاشنا بن به‌م ناوچه‌یه و له داهاتوودا بتوانن له بواری كشتوكاڵ و په‌روه‌رده و بواره‌كانی تر پرۆژه ئه‌نجام بده‌ن.
دواتر، كونسوڵی هۆڵه‌ندا به یاوه‌ری سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان و جێگره‌كه‌ی و قایمقامی قه‌زای كه‌لار، سه‌ردانی قه‌ڵای شێروانه‌ی كرد و له نزیكه‌وه قه‌ڵای بینی، كه به‌هۆی بومه‌له‌رزه‌كه‌ی مانگی رابردوو زیانی زۆری بهركهووت و به‌شێكی رووخاوه.
277 جار خوێندراوه‌ته‌وه |
|