دەستەى سەرپەرشتیار و سەرۆکى نوێى یانەى وەرزشى کفرى سەردانى ئیدارەى گەرمیانیان کرد
14 / 1 / 2018
R
ئەمڕۆ (۱٤ی کانوونی دووەم) سەرۆک و سەرپەرشتیارانى یانەى وەرزشى کفرى سەردانى ئیدارەى گەرمیانیان کرد و سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەگەڵیان کۆبویەوە.
لە کۆبونەوەکەدا، قادر محمد سەعید سەرۆکى یانەکە باسى لە پێگەى یانەى کفرى کرد لە ئێستاى وەرزشى ناوچەکەدا و ئاماژەى بەخوولى پلەیەکى یانەکانى کوردستان کرد کە بەم نزیکانە گەڕى یارییەکانىدەست پێدەکات، ئەوەشی خستەڕوو، کە یانەکەیان لەڕووى داراییەوە لە ئێستادا دەستى کورتەو پێویستى بە هاوکارى ماددى دەبێت بۆ بە ئەنجام گەیاندنى یارییەکانیان.
هاوکات سەرپەرشتیارى تۆپى پێی یانەکەش باسى لەو گرفتانەکرد کەلە گرێبەستى یاریزاناندا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە ئەو باسى لەوەشدەکرد هەندێک یاریزانى یانەکە تەنها لە پێناو دڵسۆزییاندا بۆ شارەکەیان و بەبێ بەرامبەر یارى بۆ یانەکە دەکەن و خولیا وەرزشییەکانى گەنجانى کفرى هەندێک جار دەبێتە سەرچاوەى برەو پێدانى وەرزشى یانەى کفرى.
لاى خۆشییەووە سەڵاح کوێخا سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان پیرۆزباییى دەست بەکاربوونى ستافى نوێ ى یانەکەى لێکردن و ئومێدى سەرکەوتنى بۆ خواستن و ئاماژەی بەوەدا، سەرکەوتنەکانى یانەى کفرى بۆتەواوى ناوچەى گەرمیان دەبێتە شانازى و بەڵێنى گشت هاوکارییەکى ئیدارەى گەرمیانیشی پێدان و ڕێنوێنى کردن دووربینانە کاربکەن بۆ خستنەسەرپێ ى یانەکە لەڕووى داراییەوە.
لەبەرامبەردا، دەستەى سەرپەرشتیارانى یانەکە سوپاسى پاڵپشتى یە بەردەوامەکانى ئیدرەى گەرمیانیان کرد بۆ خزمەتى وەرزشى شارى کفرى ونەیانشاردەوە بەشێک لە دەستکەوتەکانى ڕابردوویان و سەرکەوتنیان لە ڕیزى پلە دووەکانەوە بۆ ڕیزى پلەیەکى یانەکانى کوردستان بەشێکە لەبەرهەمى ئەو خزمەتەى کە لەڕابردودا پێشکەشى یانەى وەرزشى شارەکەیان کراوە.
361 جار خوێندراوهتهوه |
|