فەرمانبەران داوا دەکان خۆیان بەشداربن لە دیاریکردنی نرخی خانووەکانیان
2 / 7 / 2018
ئەمڕۆ (٢ی تەمموزی ٢٠١٨) نوێنەری فەرمانبەرانی کەلار سەبارەت بە بەشداریکردنیان لە دیاریکردنی نرخ و قیستی پرۆژەی نیشتەجێبوونی فەرمانبەران، لە رێگەی ئیدارەی گەرمیانەوە یاداشتێکیان ئاراستەی دەستەی وەبەرھێنان کرد، لای خۆشیەوە سەرپەرشتیاری ئیدارەکە پشتیوانی یاداشتەکەی فەرمانبەرانی کرد.
لە یاداشتەکەی فەرمانبەران ھاتووە "ئێمە وەک سەرجەم فەرمانبەرانی سوری کەلار لە کاتێکدا ئەم یاداشتە ئاراستەی بەڕێزتان دەکەین، کە چەندین ساڵە پرۆژەی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەران ئەنجام نەدراوە، لە ماوەی رابردوودا ئەنجومەنی باڵای وەبەرھێنان بڕیاریداوە بە دروستکردنی پرۆژە بۆ فەرمانبەران و شارەوانی کەلاریش زەوی بۆ تەرخانکردووە".
لە بەشێکی تری یاداشتەکەدا ھاتووە "تا ئامادەکردنی ئەم یاداشتە فەرمانبەران ئاگادار ئەو ھەنگاوانە نین کە نراون بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە، بۆیە داواکارین پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی پرۆژەکە و نوێنەری دامەزراوە و فەمانگەکانی حکومەت ئاسانکارییان بۆ بکرێت کە لە کۆبونەوەکانی تایبەت بە پرۆژەکە بەشداری بکەن بۆ ئەوەی بەدواداچون بۆ نرخ و نەخشە و خزمەتگوزاری پرۆژەکە بکەین".
لای خۆیشیەوە یونس ئەحمەد سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە وەکالەت پشتیوانی ئیدارەکەی بۆ یاداشتی فەرمانبەران پیشاندا و رایگەیاند، ئێمە لە ئیدارەی گەرمیان لە ماوەی رابردوودا ھەوڵی تەواومان داوە پرۆژە بۆ چین و توێژەکان دروستبکرێت و ئێستا پشتیوانی داوای رەوای فەرمانبەران دەکەین و کاردەکەین بۆ ئەوەی نوێنەریان بەشداربێت لە کۆبونەوەکانی تایبەت بە پرۆژەکەیان.
1420 جار خوێندراوهتهوه |
|
|
|