یه‌كه‌مین دیداری په‌روه‌رده‌یی له گه‌رمیان ئه‌نجامدرا
24 / 4 / 2019
ئه‌مڕۆ (24ی نیسانی 2019) به ئاماده‌بوونی جێگری سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان و قایمقامی قه‌زای كه‌لار و ژماره‌یه‌ك له مامۆستایانی سنوره‌كه، په‌یمانگای راهێنان و گه‌شه‌پێدانی په‌روه‌رده‌یی له گه‌رمیان، یه‌كه‌مین دیداری په‌روه‌رده‌یی له كه‌لار ئه‌نجامدا.
دیداره‌كه به دروشمی (مامۆستای كارامه بزوێنه‌ری گۆڕانكارییه) ئه‌نجامدرا، له ده‌ستپێكیدا ناسیار حسێن به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یمانگای راهێنان و گه‌شه‌پێدانی په‌روه‌رده‌یی ووتارێكی پێشكه‌شكرد و تیایدا تیشكی خسته‌سه‌ر كاروباری په‌یمانگه‌كه‌یان و رۆڵیان له گه‌شه‌پێدانی په‌روه‌رده‌یی، هاوكات ئامانجی دیداره‌كه‌شی خسته‌ڕوو، كه خۆی ده‌بینیه‌وه بره‌ودان به‌كه‌رتی په‌روه‌رده به گشتی و قسه‌كردن له‌سه‌ر پێگه‌یاندنی مامۆستای كارامه.
دواتر یونس ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان ووتارێكی پێشكشه‌كرد و رایگه‌یاند، خۆشحاڵین ئه‌مڕۆ له دیدارێكی تایبه‌ت به په‌روه‌رده ئاماده‌ین، هه‌رچه‌ند لێره و له‌وێ و به هه‌وڵی جیا جیا و تاكه‌كه‌سی قسه له‌سه‌ر پرسی و په‌روه‌رده و كێشه و گرفت و له‌مپه‌ره‌كانی به‌رده‌م پێشكه‌وتنی كراوه، به‌ڵام ده‌زانین قسه‌كردن له‌سه‌ر په‌روه‌رده له چوارچێوه‌ی دیدار و كۆنفرانس بۆ وڵاته‌كه‌مان بابه‌تێكی نوێیه.
ووتیشی، ووڵاتی ئێمه له هه‌موو بواره‌كاندا له‌هه‌نگاوی سه‌ره‌تاییداین، هێشتا ماومانه به سیستماتیكی و باكگراوه‌ندێكی فیكری و زانستی په‌ره به پێشكه‌وتنی سێكته‌ره‌كان بده‌ین، به‌ڵام نائومێدیش نین كه له‌وباره‌وه هیچ نه‌كرابێت، بگره دڵخۆشین كه رۆژانه له بواره جیاوازه‌كاندا چه‌ندین كۆنفرانس و دیدار و وۆركشپ و دیالۆگی زانستی ئه‌نجامده‌درێن، حه‌تمه‌ن ئه‌م جۆره هه‌وڵانه له رێڕه‌وی مێژوودا جێگه‌ی خۆی ده‌گرێت.
جێگری سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه، ئیداره‌ی گه‌رمیان پاڵپشت و هاوكار و هه‌ماهه‌نگ ده‌بێت بۆ سازدانی هه‌ر كۆنفرانس و دیدار و چالاكییه‌كی زانستی و ئه‌كادیمی له بواره جیاوازه‌كاندا كه خزمه‌ت به كۆمه‌ڵگه بكات.
دواتر دارا ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی گه‌رمیان ووتارێكی پێشكه‌شكرد و تیایدا باسی له ره‌وشی په‌روه‌رده له سنوره‌كه كرد و چه‌ندین داتا و زانیاری له‌وباره‌وه خسته‌ڕوو، دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش، كاره‌كانی دیداره‌كه به پانێلێك ده‌ستپێكرد.
610 جار خوێندراوه‌ته‌وه |
|