سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان خوێندنگە کوردییەکانى خانەقین بەسەردەکاتەوە
6 / 5 / 2019
ئەمڕۆ (٦ی ئایار) سەپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە یاوەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان، سەردانی خوێندنگە ئامادەییە کوردییەکانی لە قەزای خانەقین کرد.
لە دەستپێکی سەردانەکەیدا، سەڵاح کوێخا سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی خانەقینی کرد و لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردە و بەشێک لە سەرپەرشتیارە پەروەردەییەکان کۆبوەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی پەروەردە و خوێندنی کوردی لە خانەقین و ھاوکاریکردنی مادی و مەعنەوی خوێندنگە ئامادەییە کوردییەکان سەردانەکەیان ئەنجامداوە.
ووتیشی، ئێمە لە ئیدارەی گەرمیان سوپاسی پەروەردەی خانەقین و سەرجەم مامۆستایان دەکەین کە ھەوڵی خەمخۆرانە و جدیان داوە بۆ پەرەدان بە خوێندنی کوردی، ئەوەش سەرەڕای قەیرانی دارایی و پاشەکەوت و دواکەوتنی موچەکانیان.جەختیشیکردەوە، سیاسەتی حکومەتی ھەرێم ئەوەیە خزمەتی باشتر بە ناوچە دابڕێنراوەکان بکات.
لای خۆیەوە حەسەن محەمەد نەجم بەڕێوەبەری پەروەردەی خانەقین باسی لە رەوشی خوێندنی کوردی لە قەزاکە کرد و ئەوەی خستەڕوو، ئەوان لە پێناو خزمەتکردن زمانی کوردی ھاوڵاتیانی سنورەکە ھەموو ھەوڵەکانیان خستۆتەگەڕ و خزمەتیان کردووە. ھاوکات کێشە و گرفتی خوێندنگەکانیشی خستەڕوو.
دواتر، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بەیاوەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە و بەڕێوەبەری پەروەردەی خانەقین سەردانی سێ خوێندنگەی ئامادەیی کوردی لە خانەقین کرد، لە کۆبونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەر و مامۆستایانی خوێندنگەکان، سوپاس و دەستخۆشی لێکردن و داوای لێکردن پێداویستی خوێندنگەکانیان لە دەرخستەیەکدا ئامادە بکەن و دواتر بە بودجەیەکی تایبەت ئیدارەی گەرمیان جێبەجێیان دەکات.
لای خۆیانەوە بەڕێوەبەری خویندنگەکان سوپاسی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانیان کرد، بۆ بەسەرکردنەوە بەردەوامەکانی و ھاوکاری و یارمەتییەکانی.
426 جار خوێندراوهتهوه |
|