لەسەر رێکخستنەوەی کاری دەرمانخانەکان لە ئیدارەی گەرمیان کۆبونەوەیەک ئەنجامدرا
15 / 5 / 2019
ئەمڕۆ (١٩ی ئایار) بەمەبەستی رێکخستنەوەی کاری دەرمانخانەکان، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ قایمقامی کەلار و کفری و نوێنەوەی داواکاری گشتی و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبوەوە.
لە کۆبونەوەکەدا، سەڵاح کوێخا سەرپەشتیاری ئیدارەی گەرمیان باسی لە کێشە و گرفتەکانی کاری دەرمانخانەکان و بازاڕی دەرمانی بەگشتی کرد و رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری چاکسازی داوە لە بواری کاری دەرمان و دەرمانخانەکان، لەوبارەشەوە چەند بڕیارێکی دەرکردووە.
ووتیشی، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران رۆڵی باشی دەبێت لە رێکخستنەوەی کاری دەرمانخانەکان و چۆنیەتی مۆڵەتپێدانیان و کۆتاییھێنان بەقۆرخکاری بازاڕی دەرمان بەگشتی، ئەمەش لە بەرژەوەندی ھاوڵاتیاندا دەبێت، لە گەرمیانیش ھاوشێوەی پارێزگاکانی تری ھەرێم لیژنە تایبەتمەندەکان کار لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکان دەکات.
دواتر، لە کۆبونەوەکەدا لە لایەن ئامادەوانەوە بە ووردی و تێر و تەسەلی باس لەو پرسە کراو و چەندین تێبینی و پێشنیار و چارەسەر خرانەڕوو. ھاوکات بڕیار درا لیژنەکان بەشێوەیەکی کارا و چالاک کارەکانیان بە چاودێری دەرمانخانەکان و لێپێچینەوە لە سەرپێچییەکان دەستپێبکەن، لە کۆتایی کۆبونەوەکەشدا چەند بڕیارێکی گرنگ و پێویست دران.
472 جار خوێندراوهتهوه |
|
|
|