سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان پرۆژەی سایلۆی کەلار و نەخۆشخانەی فریاکەوتن بەسەردەکاتەوە
29 / 7 / 2019
ئێوارەی ئەمڕۆ (٢٩ی تەمموز) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان پرۆژەی سایلۆی کەلار و نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەھید ھەژاری لەکەلار بەسەرکردەوە.
ئەندازیار یونس ئەحمەد سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە وەکالەت، بەمەبەستی ئاگادار بوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکانی، پرۆژەی سایلۆی کەلاری بەسەرکردەوە و لەنزیکەوە سەردانی بەشە جیاوازەکانی پرۆژەکەی کرد و تیمی ئەندزیاری ئیدارەی گەرمیانی راسپارد بەوردی چاودێری پرۆژەکە بکەن.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان راشیگەیاند، پرۆژەی سایلۆی کەلار یەکێکە لە پرۆژە گرنگەکانی سنورەکە و بەتەواوبوونی خزمەتێکی گەورە بە جوتیاران و ھاوڵاتیانی ناوچەکە بە گشتی دەکات، ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر ئەم سایلۆیە پێداویستی گەرمیانی پڕنەکردەوە، ئیدارەی گەرمیان دروستکردنی سایلۆی دووەم دەخاتە پلانییەوە.
لای خۆیەوە سەلام حەمید ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەکە، رایگەیاند، پرۆژەکە ماوەی کەمتر لە چوار مانگە دەستی پێکردووە کارەکانی بە خێرایی دەڕوات و تائێستا نزیکەی ٢٠%ی کارەکانی تەواو بووە و چاوڕوانیش دەکرێت لەماوەی دیاریکراوی خۆیدا تەواو ببێت کە مانگی نیسای ساڵی داھاتوو دەکات.
پرۆژی سایلۆی کەلار، بەبودجەی ١٩ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار لەسەر رووبەری ٧٠ دۆنم زەوی جێبەجێدەکرێت و ١٦ کۆگای گەورەی تێدایە و لە توانایدایە ٤٠ ھەزار تۆن گەنم ھەڵبگرێت.
ھاوکات، ھەر سەرلە ئێوارەی ئەمڕۆ (٢٩ی تەمموز) ئەندازیار یونس ئەحمەد سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەھید ھەژاری کرد و لە نزیکەوە چاویکەوت بە بەڕێوەبەر و پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکە پشتیوانی ئیدارەی گەرمیان دوپاتکردەوە بۆ سەرکەوتن لە کارەکانیان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان.
631 جار خوێندراوهتهوه |
|