سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان پێشوازی لە وەزیری كارەبا كرد
17 / 2 / 2021
ئەمڕۆ (17ی شوبات) بۆ وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێم بە یاوەری بریكاری وەزیر و شاندێك لە وەزارەتەكەی سەردانی ئیدارەی گەرمیانی كرد و لەلایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانەوە پێشوازی لێكرا، لە كۆبونەوەی لەگەڵە سەرپەرشتیاری ئیدارە و لایەنە پەیوەندیدارەكان باس لە چارەسەری كێشە و گرفتەكانی كارەبا لە سنورەكە كرا.
لە كۆبونەوەكەدا، هەریەكە لە قایمقامی قەزای كەلار و قەزای كفری و بەڕێوەبەری گشتی كارەبای گەرمیان و بەڕێوەبەری كارگێڕی گشتی ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەری ناحیەی قۆرەتوو ئامادەبوو.
جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند، خۆشحاڵین ئەمڕۆ وەزیری كارەبا و بریكاری وەزارەت و شاندی یاوەری سەردان ئیدارەی گەرمیانیان كردووە، ئومێدەوارین ئەم سەردانە ببێتە وێستگەیەك بۆ چارەسەری كێشە و گرفتەكانی بواری كارەبا لە سنوری ئیدارەی گەرمیان.
دواتر سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان چەند چەند داواكارییەكی خستەڕوو، كە خۆی دەبینیەوە لە، رەچاوكردنی كەشوهەوای گەرمیان و پێدانی كارەبای زیاتر بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی خەڵك لە وەرزی هاویندا، گەیاندنی كارەبا بە 43 گوندی سنوری ئیدارەی گەرمیان، دانانی وێستگەی دووی كەلار 132 كەیڤی، دانانی سێ وێستگەی كارەبا بۆ ناحیەكانی نەوجول و كۆكس و پێباز، لەگەڵ دابینكردنی كارەبا بۆ چەند گەڕەكێكی كەلار و كفری هەروەها دابینكردنی روناكی بەنداوی باوەشاسوار و چەند داواكاریەكی تریش.
جەلال نوری جەختیشیكردەوە، بە جێبەجێكردنی ئەو داواكارییانە كێشە و گرفتەكانی كارەبا لە سنوری گەرمیان تا رادەیەكی باش چارەسەر دەبن.
دواتر كەمال محەمەد، وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێم رایگەیاند، ئێمە ئەمڕۆ هاتوین بۆ گەرمیان، تا لە نزیكەوە ئاگاداری كێشە و گرفتەكان بین، تایبەتمەندی دەدەین بە گەرمیان بەرنامە و پلانمان هەیە بۆ زیادكردنی بەرهەم هێنانی كارەبا و چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی كارەبا لە گەرمیان.
ووتیشی، داواكارییەكانی ئیدارەی گەرمیان بەهەند وەردەگرین، دواتر دیراسەیان دەكەین و بەپێی پێویست و ئەولەویتی پرۆژەكە كار لەسەر جێبەجێكردنیان دەكەین.
وەزیری كارەبا راشیگەیاند، بەتەواوبوونی وێستگەی كارەبای سەرقەڵا، رێژەیەكی زۆر كارەبا لەگەرمیان بەرهەم دێت و پێویستیەكان پڕدەكاتەوە، پرۆژەكەش بەمزوانە تەواو دەبێت و دەكرێتەوە.
دواتر، لەلایەن حازم كەریم بەڕێوەبەری گشتی كارەبای گەرمیان و ئامادەبوانی كۆبونەوەكە، وردەكاری كێشە و گرفتەكانی بواری كارەبا باسی لێوەكرا و چەندین سەرنج و پێشنیار خرایەڕوو.
لە دوای كۆبونەوەكەش، كۆنگرەی رۆژنامەوانی وەزیری كارەبا و سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەسەر سەردانەكە و وردەكاری كێشە و گرفتەكانی كارەبا لە سنوری ئیدارەی گەرمیان ئەنجامدرا.
958 جار خوێندراوهتهوه |
|