پەیامی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بەبۆنەی یادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانەوە
16 / 5 / 2021
بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایان و مامۆستایانی ئازیزی کوردستان بەگشتی و گەرمیان بە تایبەتی، بەبۆنەی یادی ٥٩ ساڵی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانەوە، بەناوی ئیدارەی گەرمیانەوە جوانترین پیرۆزباییتان ئاڕاستە دەکەین و ھەوڵ و ماندووبونتان بەرز و پیرۆز دەنرخێنین.
بۆ ھەر کۆمەڵگەیەک مامۆستا سەرمەشقی پێشکەوتن و مەشخەڵی رۆشنکەرەوەی رێگەی زانست و پەروەردە و فێرکردنە، ئەرکی پەروەردەکردن و پێگەیاندنی نەوە لە دوای نەوەی کۆمەڵگەیان خستوەتە سەرشانی خۆیان کە ئەرکێکی ئێجگار سەختە و لەو رێگەیەدا زۆر ماندوبون و ژیانی خۆیان بۆ پیشە پیرۆزەکەیان تەرخان کردووە، ھەر بۆیە جێگەی خۆیەتی ھەمووان پێگە و رۆڵی مامۆستا بەرز بنرخێنین و رێز لە ماندوبونیان بگرین.
لە ووڵاتی ئێمەدا بەھۆی بارودۆخی ناھەمواری سیاسی و شۆڕش و بەرگریکاری، مامۆستایان ئەرکیان قورستر بووە، ھەر وەک دەبینین لە ژیانی شاخدا دەستیان لە پیشە پیرۆزەکەیان ھەڵنەگرتووە و ھاوتەریب لەگەڵ پێشمەرگە خەباتیان کردووە و وانەی فێرکاری و پەروەردەی بەرگریکارانە و شۆڕشگێڕانەیان بە مناڵانی كورد وتووەتەوە، لە ژیانی دوای راپەڕینیشدا مامۆستایان جارێکی تر قوربانیان بەخۆیاندا و لەگەڵ سەختی و نەھەمواری باری ژیانیان ئەرکە پیرۆزەکەیان پشتگوێ نەخست و نەیانھێشت پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن پەکی بکەوێت و درێژەیان بە خەباتی پەروەدەییدا.
دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایان وەک رێکخراوێکی داکۆکیکار لە ماف و داواکانی مامۆستایان بە کاری رێکخراوەیی و سەندیکایی، پێویست و گرنگ بووە بۆ مامۆستا لە رابردوو و ئێستاشدا، ھەر لێرەوە رۆڵی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بەرز دەنرخێنین و ھیوادەخوازین زیاتر بکۆشن بۆ بەدیھێنانی مافەکانی مامۆستا و ھەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە لە پێناو دابینکردنی ژیانێکی باشتر و شایستەتر بۆ مامۆستایانی وڵاتەکەمان، بە تایبەت لە ئێستادا کە بەھۆی قەیرانی دارایی و ھاتنی پەتای نەگریسی کۆرۆنا ئەرکی مامۆستایان قورستر بوەتەوە.
دووبارە پیرۆز بێت یادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، ھیوای بەردەوامی و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.
جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان
867 جار خوێندراوهتهوه |
|