سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان خانەوادەی شەهیدی عومەری بەسەرکردەوە
4 / 12 / 2021
بەیانی ئەمڕۆ (٤ی کانوونی یەکەم) جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان خانەوادەی شەهید (عومەر تۆفیق)ی لەکەلار بەسەرکردەوە کەهەفتەی رابردوو بە هۆی هێرشی تیرۆرسیتانی داعش لە کوڵەجۆ شەهید بوو.
لەو بەسەرکردنەوەدا، جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، پرسە و سەرەخۆشی خۆی گەیاندە خانەوادەی شەهید عومەر و رایگەیاند، بەداخەوە جارێکی تر تیرۆریستانی داعش لە سنورەکە جموجۆڵ و کردەوە دڕندانە و تیرۆریستیەکانیان دەستپێکردوەتەوە و بەهۆیەوە شەهید عومەر و هاوڕێکانی لەپێناو پاراستنی وڵاتەکەمان گیانی خۆیان بەختکرد، بریندار و شەهیدبوونی ئەم پۆلە پێشمەرگە ئازا و گیانفیدایانە لەگەڵ ئەوەی ئێوەی جەرگ سوتاو کردووە، ئێمەشی لە ناخەوە خەمبارکردووە.
ووتیشی، تیرۆریستانی داعش چاویان بە ئازادی وڵاتەکەمان هەڵنایە و بەردەوام لەهەوڵدان بۆ ئەوەی بیری تاریکپەرستانەی خۆیان بسەپێنن و هەموو کار و کرداریان تیرۆر و کوشتن و وێرانکارییە.
لای خۆیانەوە، خانەوادەی شەهید عومەر سوپاسی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانیان کرد بۆ سەردانەکەی و بەسەرکردنەوەی خانەوادەکەیان.
شەوی (٢٠٢١/١١/٢٧) تیرۆریستانی داعش لە ناحیەی کوڵەجۆ کردەوەیەکی تیرۆریستیان ئەنجامدا و بەهۆیەوە شەش پێشمەرگە شەهیدبوون.
400 جار خوێندراوهتهوه |
|
|
|