پرۆژەیەکی گەشتیاری لە دەروازەی شاری کەلار درووست دەکرێت

بەروار: 06/11/2025

پرۆژەیەکی گەشتیاری لە دەروازەی شاری کەلار درووست دەکرێت

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری گەرمیان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەردی بناغەی پرۆژەی (ڕێست ئیریا) دانرا.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەرێز(جەلال شێخ نوری) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، سوپاسی سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنان و بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری گەرمیان کرد، بۆ تەواو کردنی ڕێکارەکانی ئەم پرۆژەیە.

(ئەمەل جەلال) سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار، لەکۆنگرەکەدا تیشکی خستە سەر وردەکاری پرۆژەکە و سوپاسی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانی کرد کە هەمیشە هاوکار و هەماهەنگ بووە.

پرۆژەی گەشتیاری رێست ئێریا  بە گوژمەی (ملیارێک و هەشتاو حەوت ملیۆن دینار) لە دەروازەی شاری کەلار (بەرلوت) درووست دەکرێت،لە چەندین خزمەتگوزاری جیاواز و گەشتیاری پێک دێت وەک
( شوێنی مانەوە، کافتریا و ڕیستۆرانت، چاکسازی ئۆتۆمبێل)، ماوەی تەواو بوونی پرۆژەکە دووساڵە و  بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری گەرمیان سەرپەرشتی پرۆژەکە دەکەن.