لەناحییەی رزگاری قوتابخانەی بنەڕەتی رەوەند جەبار فەرمان کرایەوە
22 / 5 / 2023
ئەمڕۆ (٢١ی ئایار)لەمەراسیمێکدا بەئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەرپرسانی حزبی و حکومی، قوتابخانەی دوانزە پۆلی بنەڕەتی (رەوەند جەبار فەرمان) کرایەوە و بەتەواوی پێداویستیەکانییەوە پێشکەش بەبەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیان کرا. قوتابخانەکە لەسەر ئەرکی خانەوادەی سەرکردەی کۆچکردوو جەبار فەرمان دروستکراوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت، ئەم خانەوادەیە لە سنوری پەروردەی گەرمیاندا سێ باخچەی مناڵانیان دروستکردووە. لە مەراسیمەکەدا، جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەوتەیەکیدا سوپاسی خانەوادەی سەرکردەی کۆچکردوو جەبار فەرمانی کرد، کە بە دروستکردنی ئەم قوتابخانەیە و سێ باخچەی مناڵان رۆلیان هەبووە لەگەشەپێدانی کەرتی پەروەردە لە سنوری گەرمیاندا، هاوکات تیشکی خستەسەر خەبات و رۆڵ و پێگەی گرنگی سەرکردە جەبار فەرمان، لەشاخدا وەک سەرکردەیەکی لێهاتوو، هەروەها خزمەتەکانی لە دوای راپەڕینیش وەک وەزیر لە کابینەکانی حکومەتی هەرێم. دوابەدوای ئەوەش، لەوتەیەکید سەبیحە خان خێزانی جەبار فەرمان، رایگەیاند، ئێمە خۆمان بەقەرزاری گەرمیانییەکان دەزانین، لەو چوارچێوەیش بریارمانداوە وەک بنەماڵەی جەبار فەرمان لەرووی پەروەردەییەوە خزمەتی خۆمان بەم ناوچەیە بکەین، ئەویش لەچوارچێوەی دروستکردنی باخچەی ساوایان و قوتابخانە. هاوکات، دارا ئەحمەد بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان رایگەیاند، بنەماڵەی جەبار فەرمان لەکەرتی پەروەردەدا خزمەتی باشیان بەگەرمیان کردووە و ئێمە رۆڵیان بەرز دەنرخێنین و بەدڵنیاییەوە ئەم قوتابخانە و سێ باخچەی دروستیان کردووە خزمەتی گەرورە بە کەرتی پەروەردە دەکەن لە سنورەکە. دواتر، لە مەراسیمەکەدا، رێزلێنانی خانەوادەی جەبار فەرمان بەخشرایە هەریەکە لە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان و بەڕێوەبەری پەروەردەی کەلار و سەرۆکی شارەوانی رزگاری لەبەرامبەر هاوکاری و هەماهەنگیان بۆ دروستکردنی قوتابخانە و باخچەی رەوەند جەبار فەرمان لە ناحیەی رزگاری.
261 جار خوێندراوهتهوه |
|
|
|