ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەدواداچوون بۆ کێشەکانی قەزای کفری دەکات
3 / 8 / 2023
ئەمڕۆ (٢٦ی تەمموز) شاندێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە کێشە و گرفتەکانی قەزای کفری، سەردانی ئیدارەی گەرمیانی کرد و کۆبونەوەی نێوان ئیدارەی گەرمیان و شاندەکە لەوبارەوە ئەنجامدرا. کۆبوونەوەکە بەئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و جێگری سەرپەرشتیار و قایمقامی قەزای کفری و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیەکان بەڕێوەچوو. لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، بەرزان شێخ محمەد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی قەزای کفری و داواکاری مانگرتوانی قەزاکە سەردانی ئیدارەی گەرمیانیان کردووە و دواتریش سەردانی کفری دەکەن. دواتر، هەریەکە لە جێگری سەرۆکی ئەنجومەن و ئەندامانی ئەنجومەن، لەسەر چەند پرسێکی تایبەت بە کفری تیشکیان خستەسەر کێشە و گرفتەکان و پرسیاریان ئاراسەتەی ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیەکان کرد و ئەوەیان خستەڕوو، مەبەست لەم سەردانەیان بەدواداچوونی زیاترە بۆ کێشە و گرفتەکانی کفری و بەگەڕخستنی هەوڵەکانە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکان و چارەسەری کێشەکانی قەزاکە. دواتر جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، بەووردی تیشکی خستەسەر کێشە و گرفتەکانی کفری و رونکردنەوەی پێوسیتی لەو بارەوە خستەڕوو، راشیگەیاند، ئێمە داواکارییەکانی مانگرتوان و دانیشتوانی قەزای کفری بە رەوا دەزانین و پشتیوانی تەواویان دەکەین و داکۆکیکار دەبین بۆ جێبەجێکردنیان. ووتیشی، لەماوەی رابردوودا، کارمان لەسەر چارەسەری کێشە و گرفتەکانی کفری کردووە، وێڕای ئەوەی ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدارمان لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەکان کردووە، داکۆکیکار بوین بۆ بەجێگەیاندنیان. جەختیشیکردەوە، لەکاتی سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ گەرمیان، سەرجەم پرۆژە تەواونەکراوەکانی قەزای کفریمان ئاڕاستەی کردووە و جەختمان لە گرنگی جێبەجێکردنیان کردوەتەوە، لە ئێستاشدا داواکارین، ئەنجومەنی وەزیران لە رێگەی بودجەیەکی تایبەتەوە خزمەت بە کفری بکات و داوکارییەکانی شارەکە جێبەجێ بکات. سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ئەوەشی راگەیاند، جگە لە هەوڵەکانمان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان، ئامادەکاری تەواومان کردووە پرۆژەکانی وەبەرهێنانی پیشەسازی لە کفری دابنرێن، بۆ ئەو مەبەستەش دوو هەزار و ٥٠٠ دۆنم زەویمان لە قەزای کفری روپێوکردووە و داوادەکەین سەرمایەداران، وەبەرهێنان لە قەزاکەدا بکەن و ئەوەش دەبێتە هۆی بوژانەوەی شارەکە. دواتر، رامیار عەبدولرەحمان، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، باسی لە پرۆژەکانی حکومەت و کێشە و گرفتەکانی بەردەم جێبەجێکردنیان کرد کە خۆی دەبینێتەوە لە نەبوونی نەختینە لەبانکەکان و وەرنەگرتنی پرۆژەکان لە لایەن بەڵێندەرانەوە، هەروەک بە پێویستی زانی زەوی نیشتەجێبوون لە کفری دابەشبکرێت. هاوکات، شەماڵ نامیق قایمقامی قەزای کفری، باسی لە کێشە و گرفتەکانی قەزای کفری کرد و تیشکی خستەسەر ئەو کار و پرۆژانەی سەرەڕای قەیرانی دارایی لەماوەی ساڵانی رابردوودا لە قەزاکە ئەنجامدراون، راشیگەیاند، ئەوەشی ئەنجامنەدراون ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی کردووە بە مەبەستی جێبەجێکردنیان، هەروەک ئەوەشی خستەڕوو، لەیەکەم رۆژەوە پشتیوانی لەداواکاریەکانی مانگرتوان کردووە و ئێستاش جەخت لە جێبەجێکردنی داواکاریەکانی خەڵکی کفری دەکات بۆ ئەو مەبەستەش هەموو هەوڵەکانی بەگەڕخستووە. هەر لە کۆبوونەوەکەدا، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکان باسی لەوەکرد کە لە ئێستادا، زەوی پێویستان لە نزیک دەروازەی کفری ئامادەکردووە بە مەبەستی دروستکردنی ناوچەیەکی پیشەسازی پیشەوەران کە رووبەرەکەی زیاتر لە دوو سەد دۆنمە. هاوکات بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان، ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ لەسەر هێڵن تا کێشەی زەوییەکانی کەرتی ١٥ تلیشان چارەسەر بکرێت و بتوانرێت پرۆژەی تێدا ئەنجام بدرێت، بەو ئەو مەبەستەش هەنگاوی باش نراوە. دواتر بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەرەکانی ئامادەی کۆبوونەوەکە رونکردنەوەی زیاتریان سەبارەت بە کێشە و گرفتەکانی قەزای کفری خستەڕوو.
117 جار خوێندراوهتهوه |
|