لە لایەن سەرمایەدارێکەوە دیاری پێشکەش بە ١٠٠ بوک و زاوای گەرمیان کرا
26 / 11 / 2023
ئەمڕۆ (٢٣ی تشرینی یەکەم) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بەوەکالەت بەشداربوو لە رێوڕەسمی پرۆژەی پێشکەشکردنی دیاری بە ١٠٠ تازە بوک و زاوای گەرمیان بە بڕی ١٠٠ ملیۆن دینار. پرۆژەکە لەلایەن رێکخراوی پرۆژەی خێرخوازی بە سپۆنسەری سەرمایەدار (مەریوان حاجی حەسەن) ئەنجامدرا. لە مەراسیمەکەدا، بێستون ژاڵەیی، سەرۆکی رێکخراوی پرۆژە، لە ووتارێکدا بە وردی تیشکی خستەسەر پرۆژەی هاوکاریکردنی (١٠٠) تازە بوک و زاوا لەگەرمیان و رایگەیاند، رێکخراوەکەیان لەگەڵ سەرمایەداری سپۆنسەری ئەم پرۆژەیە، لە بەرنامەیاندایە پرۆژەکە بکەن بە ساڵانە. ووتیشی ئەم پرۆژەیە، هەنگاوێکی گرنگە لە پێناو پاراستن و پەرەپێدانی خێزان و بەها باڵاکانی کۆمەڵگە. دواتر، رامیار عەبدولڕەحمان، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە وەکالەت ووتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، بەناوی ئیدارەی گەرمیانەوە، دەستخۆشی لە رێکخراوی پرۆژە و سەرمایەدار مەریوان حاجی حەسەن دەکەین، بۆ ئەم پرۆژە جوان و نایابەی تایبەت بە پاڵپشتی هاوسەرگیری. ووتیشی، ئێمە زۆر پێویستمان بە خاوەن سەرمایەی لە نمونەی مامۆستا مەریوانە کە بەرهەمی رەنج و ماندوبون و کشتوکاڵی خۆی ببەخشێت و بیکاتە نۆماڵ بۆ کوڕ و کچە تازە بوک و زاواکانمان، ئەگەرچی سەرمایەداران لە ئێستا و رابردوودا قسوریان نەکردووە لە پێشکەشکردنی هاوکاری و خزمەتکردن لە بوارە جیاوازەکاندا، خوازیارین ئەم هەنگاوە هۆکارێک بێت بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری زیاتر لە بوارە جیاجیاکاندا. دواتر، ئیدریس ژاڵەیی مامۆستای ئایینی ووتارێکی سەبارەت بە پێکهێنان خێزان و گرنگی ژیانی خێزانی لە ئاینی ئیسلامدا پێشەکەشکرد و لەوبارەوە چەندین بەڵگەی ئایینی خستەڕوو تایبەت بە رۆڵ و گرنگی دروستکردنی ژیانی خێزانی لە کۆمەڵگەدا. دواتر، مەریوان حاجی حەسەن سپۆنسەری پرۆژەکە ووتەیەکی پێشکەشکرد. هاوکات، لە مەراسیمەکەدا، سەرمایەدار مەریوان حاجی حەسەن، باسی لە بیرۆکەی کارە خێرخوازیەکەی و هۆکاری پاڵنەری بۆ ئەنجامدانی پرۆژەکە کرد، ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بەپێی توانا و سەرمایەکەی بەردەوام دەبێت لە کاری خێرخوازی و هیوای ژیانێکی بەختەوەری بۆ ئەو بوک و زاوایانە خواست کە بەشدارن لە پرۆژەکەدا. لەکۆتاییدا، لەلایەن د.بەختیار تاڵەبانییەوە، ووتارێک سەبارەت بە ژیانی هاوسەرگیری و راێگاکانی بەختەوەری خێزان پێشکەشکرا.
191 جار خوێندراوهتهوه |
|
|
|