یاداشتێكی لێكتێگه‌یشتن له نێوان ئیداره‌ی گه‌رمیان و پارێزگای كرماشان واژۆ كرا
28 / 10 / 2014
به‌مه‌به‌ستی كۆنترۆڵكردن و رێگریكردن له هێنان و بردنی كه‌ل و په‌لی جۆراجۆری رێگه پێندراو و رێكخستنی كاری بازرگانی له مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی په‌روێزخان ، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان به یاوه‌ری شاندێك سه‌ردانی شاری قه‌سری شرینی كۆماری ئیسلامی ئێرانی كرد و له‌گه‌ڵ جێگری پارێزگاری كرمانشان و قایمقامی قه‌سری شرین و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ئه‌و پارێزگایه كۆبوونه‌وه.
له‌سه‌ره‌تای كۆبونه‌وه‌كه‌دا سه‌ڵاح كوێخا سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان جه‌ختی له پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئیداره‌ی گه‌رمیان و پارێزگای كرماشان كرده‌وه‌و ئاماده‌یی ئیداره‌كه‌شی پیشاندا بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌ر كێشه و گرفتێك بێته ئاراوه.
ده‌رباره‌ی كۆنترۆڵكردنی سنوری نێوان هه‌ردوولاش سه‌ڵاح كوێخا ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، له ئێستادا كۆمپانیایه‌كی ئه‌منی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یی ته‌واوی هه‌یه بۆ گرتنه ئه‌ستۆی كۆنترۆڵكردنی سنوره‌كان و رێگركردن له بازرگانی به خۆراك و خواردنه‌وه‌ی كحولی و هه‌ر كه‌لوپه‌لێكی رێگه پێنه‌دراو.
سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان ووتیشی "له ماوه‌ی رابردوودا له‌رێگه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانه‌وه توانراوه كێشه و گرفته‌كانی بواری بازرگانی له مه‌رزی په‌روێخان چاره‌سه‌ربكرێت و كاره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی باش به‌رێوه بچێت پێویسته ئه‌و كۆبوونه‌وانه به‌رده‌وامیان هه‌بێت".
له‌به‌رامبه‌ردا، د. شه‌هریار حه‌یده‌ری جێگری پارێزگاری كرماشان بۆ كاروباری ئه‌منی، تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌و كێشه و گرفتانه‌ی له رووی ئه‌منی و گواستنه‌وه‌ی هاتوچۆی ئۆتۆمبیله بارهه‌ڵگره‌كان له مه‌رزی په‌رێوزخان دێنه ئاراوه و هیوای خواست له رێگه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی ئه‌و كۆمپانیا ئه‌منییه‌ی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه به‌هامه‌هه‌نگی هه‌ردوولا كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت و رێگری بكرێت له هاورده و هه‌نارده‌كردنی كه‌ره‌سته قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان.
دواتر ده‌رباره‌ی چۆنێتی هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌ردوولا له گه‌شه‌پێدان و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه و گرفته‌كانی مه‌رزی نێوده‌وله‌تی په‌روێزخان و چۆیه‌تی ده‌ست به‌كاربوون و به‌رده‌وام بوونی كاره‌كانی كۆمپانیا ئه‌منیه‌كه، یاداشتێكی لێك تێگه‌یشتن له نێوان ئیداره‌ی گه‌رمیان و پارێزگای كرماشان واژۆ كرا.
382 جار خوێندراوه‌ته‌وه |
|