بۆ رۆژانی جه‌ژن رێوشوێنی پێویستی ئه‌منی ده‌گیرێته‌به‌ر
15 / 7 / 2015
به‌مه‌به‌ستی گرتنبه‌ری رێوشوێنی پێویست و ئه‌منی توند بۆ رۆژانی جه‌ژن، لیژنه‌ی باڵای ئه‌منی ئیداره‌ی گه‌رمیان كۆبویه‌وه.
له‌سه‌ره‌تای كۆبونه‌وه‌كه‌دا كه قایمقامی قه‌زاكانی كه‌لار و كفری و به‌رێوه‌به‌ری ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی سنوره‌كه و به‌رێوه‌به‌ری گشتی شاره‌وانییه‌كانی گه‌رمیان و به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی قۆره‌توو و نوێنه‌ری به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی گه‌رمیان ئاماده‌یی بوون، عه‌بدوڵا ئه‌نوه‌ر سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان به وه‌كاله‌ت و سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای ئه‌منی ئیداره‌ی گه‌رمیان رایگه‌یاند: جه‌ژنی ره‌مه‌زانی ئه‌مساڵ جیاوازه له‌ساڵانی رابردوو ئه‌وه‌ش به‌هۆی شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش و هاتنی ژماره‌یه‌كی زۆر خێزانی ئاواره له ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاستی عێراقه‌وه بۆ سنوری ئیداره‌ی گه‌رمیان.
ووتیشی: به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه تایبه‌ته‌ی ئێستا رووی له هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی و ناوچه‌ی گه‌رمیان به تایبه‌تی كردووه پێویسته هێزه ئه‌منیه‌كان و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان له پێناو پاراستنی سه‌روماڵی هاوڵاتیانی سنوره‌كه زیاتر چاوكراوه بن.
دواتر ئه‌ندامانی لیژنه‌كه باسیان له پلان و به‌رنامه‌ی خۆیان بۆ رۆژانی جه‌ژن كرد و جه‌ختیان له‌وه كرده‌وه هه‌موو هه‌وڵیكیان ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ به باشترین شێوه كاره‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن.
هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، به‌رپرسانی ئه‌منی سنوره‌كه ئاماژه‌یان به‌وه‌دا، ئه‌وان پلانی تایبه‌تیان بۆ رۆژانی جه‌ژن داناوه و له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی گه‌رمیان رێوشوێنی توندی ئه‌منی ده‌گرنه‌به‌ر.
317 جار خوێندراوه‌ته‌وه |
|
|
|