پارێزگاری ئیلام سه‌ردانی ئیداره‌ی گه‌رمیان ده‌كات
22 / 8 / 2015
ئه‌مڕۆ (22ی ئاب) پارێزگاری پارێزگای ئیلامی كۆماری ئیسلامی ئێران و شاندێكی یاوه‌ری به‌مه‌به‌ستی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیه بازگارنیه‌كانی نێوان هه‌ردوولا سه‌ردانی ئیداره‌ی گه‌رمیانی كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌كه كۆبوونه‌وه.
له‌سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا محه‌مه‌د ره‌زا مروارید پارێزگاری ئیلام رایگه‌یاند: به‌مه‌به‌ستی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پارێزگاكه‌یان و ئیداره‌ی گه‌رمیان سه‌ردانه‌كه‌یان ئه‌نجامداوه.
ووتیشی: ئیلام یه‌كێكه له پارێزگا گرنگ و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران و به‌م سه‌ردانه‌مان بۆ ئیداره‌ی گه‌رمیان، ئاماده‌یی ده‌رده‌بڕین كه له داهاتوودا كاربكه‌ین له‌سه‌ر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی بازرگانی هه‌ردوولا و هاوكاری كردنی ئیداره‌ی گه‌رمیان له‌گه‌شه‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵی و رۆشنبیری و فه‌رهه‌نگی چه‌ندین بواری تر.
راشیگه‌یاند: ئه‌م سه‌ردانه سه‌ره‌تایه‌كی باشه بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان و پارێزگای ئیلام و له داهاتووشدا به‌سه‌ردانیكردنی یه‌كتر و یاداشتی لێكتێگه‌یشتن بره‌و به په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌ده‌ن.
دواتر هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه هه‌ریه‌كه له جێگری سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان و قایمقامی قه‌زای كه‌لار و به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی په‌روێزخان ئاماده‌ی بوو، سه‌ڵاح كوێخا سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی رایگه‌یاند: هاتنی شاندی پارێزگای ئیلام جێگه‌ی خۆشحاڵیه و ئێمه‌ش له ئیداره‌ی گه‌رمیان ئاماده‌یی ته‌واو ده‌رده‌بڕین بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و گه‌شه‌پێدانی كه‌رتی بازرگانی له نێوان هه‌ردولادا.
سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان ووتیشی: له ماوه‌ی رابردوودا ئیداره‌ی گه‌رمیان له رێگه‌ی مه‌رزه‌كانی په‌روێزخان و تیله‌كۆ و پشته په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی بازرگانی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران هه‌بووه به‌په‌یوه‌ندی پته‌وی نێوان ئیداره‌كه و پارێزگای كرماشان توانراوه هه‌ركێشه و گرفتێك له‌و مه‌رزانه له ئارادا بوبێت چاره‌سه‌ربكرێت.
ووتیشی: لێره‌شه‌وه دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه ئیداره‌ی گه‌رمیان ده‌رگای كراوه‌یه بۆ به‌ستنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پارێزگای ئیلام و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌وپه‌ڕی ئاسانكاری ده‌كات.
سه‌ڵاح كوێخا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ده‌توانین به په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا له‌بواری بازرگانی و كشتوكاڵی و بواره‌كانی تر هاوكاری یه‌كتر بكه‌ین.
335 جار خوێندراوه‌ته‌وه |
|