ئاماده‌كارییه‌كان بۆ یادی 28 ساڵه‌ی تاوانی ئه‌نفال ده‌ستپێده‌كات
27 / 3 / 2016
ئه‌مڕۆ (27ی ئازار) نوێنه‌ری رێكخراوه‌كانی تایبه‌ت به پرسی ئه‌نفال سه‌ردانی ئیداره‌ی گه‌رمیانیان كرد و له كۆبونه‌ویاندا له‌گه‌ڵ سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌كه، تیشكخرایه‌سه‌ر ئاماده‌كارییه‌كان بۆ یادی 28 ساڵه‌ی تاوانی ئه‌نفال و چۆنیه‌تی به‌رزڕاگرتنی ئه‌و یاده مه‌زنه.
له سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، سه‌ڵاح كوێخا سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان رایگه‌یاند: به‌پێی به‌رنامه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، ئه‌مساڵ مه‌راسیمی سه‌ره‌كی یادی ئه‌نفال له چه‌مچه‌ماڵ ئه‌نجامده‌درێت، به‌ڵام پێویسته له سنوری ئیداره‌ی گه‌رمیانیش به چالاكی جۆراو جۆر ئه‌و یاده بكرێته‌وه.
ووتیشی: سه‌ره‌ڕای قه‌یرانی دارایی ئێمه له ئیداره‌ی گه‌رمیان له‌پێناو به‌رز راگرتنی ئه‌و یاده شكۆداره و رێزلێنان له قوربانیانی جینۆساید، ئاماده‌ین بۆ دابینكردنی لایه‌نی مادی یاده‌كه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌موو دام و ده‌زگاكانی حكومه‌ت له سنوره‌كه هاوكاری رێكخراوه‌كان ده‌بن بۆ ئه‌نجامدانی چالاكییه‌كانی.
له‌به‌رامبه‌ردا، ئه‌ندامانی رێكخراوه‌كانی بواری ئه‌نفال جه‌ختیان له‌وه‌كرده‌وه كه ئه‌مساڵ به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه چالاكییه‌كانیان به فراوانی ئه‌نجام ناده‌ن و له‌مرۆشه‌وه ده‌ستده‌كه‌ن به ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی یادی ئه‌نفال له قه‌زا و ناحییه‌كانی سنوری ئیداره‌ی گه‌رمیان.
312 جار خوێندراوه‌ته‌وه |
|
|
|