سه‌رۆكی ده‌سته‌ی كاروباری مین سه‌ردانی ئیداره‌ی گه‌رمیان ده‌كات
3 / 8 / 2016
ئه‌مڕۆ (3ی ئاب) سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی كاروباری مین به‌مه‌به‌ستی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی كار و پرۆژه‌كانیان له‌سنوری گه‌رمیان به‌گشتی و ناحیه‌ی جه‌له‌ولا به‌تایبه‌تی، سه‌ردانی ئیداره‌ی گه‌رمیانی كرد و له كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌كه، جه‌خت له‌سه‌ر خستنه‌گه‌ڕی میكانیزمی تایبه‌ت بۆ پاككردنه‌وه‌ی مین و ته‌قه‌مه‌نی له‌سنوره‌كه كرا.
له‌سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی كاروباری مین رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ به‌مه‌به‌ستی له نزیكه‌وه ئاگاداربوون له كاره‌كانمان له سنوری ناوچه‌ی گه‌رمیان به‌گشتی و ناحیه‌ی جه‌له‌ولا به‌تایبه‌تی، له‌گه‌ڵ شاندێك سه‌ردانی سنوره‌كه‌مان كردووه و پلانیشمان هه‌یه به هاوكاری رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی بواری مین كاری جدی بكه‌ین بۆ پاككردنه‌وه‌ی ناوچه مینڕێژكراوه‌كانی سنوره‌كه.
ووتیشی: ئێمه پێمان باشه كاره‌كانمان له ناوچه‌ی جه‌له‌ولا چڕبكه‌ینه‌وه و هانی رێكخراوه‌كان بده‌ن لێره كار بكه‌ن ئه‌وه‌ش له پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی چونكه له ئێستادا ئاواره بوون و له‌به‌ر مه‌ترسی مین ناگه‌ڕێنه‌وه سنوره‌كه.
له‌به‌رامبه‌ردا، سه‌ڵاح كوێخا سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان رایگه‌یاند: گه‌رمیان هاوسنوره له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران و هه‌ر به‌و هۆیه‌ش سه‌دان دۆنم زه‌وی تا ئێستا له‌مینی پاشماوه‌ی جه‌نگی عێراق و ئێران پاك نه‌كراونه‌ته‌وه، تا ئێستاش ناوبه‌ناو مین خه‌ڵك ده‌كاتی قوربانی و جوتیاره‌كان ناتوانن كار له زه‌وییه‌كانیان بكه‌ن، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی به‌هۆی شه‌ڕی داعش، چه‌ندین شوێنی جه‌له‌ولا و سه‌عدیه و قه‌ره‌ته‌په بۆمب رێژكراون.
ووتیشی: داواكارین ده‌زگای مین له‌پێناو پاراستنی سه‌لامه‌تی هاوڵاتیانی سنوره‌كه، هه‌موو هه‌وڵێك بخاته‌گه‌ڕ تا كاره‌كانیان لێره چڕبكه‌نه‌وه بۆ پاككردنه‌وه‌ی ناوچه مینڕێژكراه‌وه‌كان و ئێمه‌ش له ئیداره‌ی گه‌رمیان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكار ده‌بین.
هاوكات سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی كاروباری مین ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، له دوای جه‌نگی داعش ژماره‌یه‌كی زیاتر رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پاككردنه‌وه‌ی مین روویان له هه‌رێمی كوردستان كردووه، به‌جۆرێك له ئێستادا 14 رێكخراو له هه‌رێم كار ده‌كه‌ن، پاش ئه‌م سه‌ردانه هه‌وڵده‌ده‌ین ئه‌و رێكخراوانه بێنینه گه‌رمیان و كار بكه‌ن.
دواتر، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی كاروباری مین به‌یاوه‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاروباری مین له گه‌رمیان و شاندی یاوه‌ری به‌مه‌به‌ستی له نزیكه‌وه ئاگاداربوون له بارودۆخی ناوچه‌كه سه‌ردانی ناحیه‌ی جه‌له‌ولای كرد.
422 جار خوێندراوه‌ته‌وه |
|