پەیامی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بۆ یادی راپەڕین
4 / 3 / 2018
لە یادی ٢٧ ساڵەی راپەرینی گەلی کورددا، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی کوردستان بە گشتی و گەرمیان بە تایبەتی دەکەین، لەم رۆژە پیرۆزەدا سەری رێز و وەفاداری بۆ شەھیدانی راپەڕینە مەزنەکە و تەواوی شەھیدانی رێگای رزگاری کورد و کوردستان دادەنوێنن و سەربەرزی و سەروەری بۆ خانەوادەکانیان.
راپەڕین دەرئەنجامی شۆڕش و خەبات و تێکۆشانی چەندان ساڵەی پێشمەرگە بوو کە بە خۆنەویستی و قوربانیدان دژی زاڵمترین رژێمی دونیا بەعسی فاشی لە بەھاری ساڵی ١٩٩١ بەبەشداری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە ئازاکان بەرپابوو، دواتر بوو بە وەرچەرخانێکی گەورە و مێژوویی گرنگ بۆ گەلی کورد، بەھۆیەوە پەرلەمان و حکومەتی ھەرێم و دامودەزگا فەرمییەکان دامەزران.
ئێستا کە یادی راپەڕین دەکەینەوە ووڵاتەکەمان کەوتۆتە بەر ھەڕەشەی گەورە و مەترسیدار، لە لایەک کەرکوک و دوزخورماتوو و ناوچە کوردستانیەکانی تر لە ژێر دەسەڵاتی کورد نەماوە و بەشێک لە ھاوڵاتیانیان دەربەدەر و ئاورەبوون، لەلایەکی تر قەیرانی دارایی و کێشە سیاسییەکانی ھەرێم و عێراق تەواو خەڵکیان ماندوو کردووە ژیان و گوزەرانیان سەخت و نەھەموار بووە، ئێستاش کە پەیوەندی ھەرێم و بەغدا تەواو تێکچووە و لە بودجەدا پشکی کورد کەمکراوەتەوە و ئەزموونى ھەرێم کەوتۆتەبەر ھەڕەشەی ناوەند، پێویستە لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم یەکڕیزی بپارێزن و ھاوھەڵوێست بن بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە ناجێگیرە و پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد، بۆ ئەمەش دەبێت ھەموو رێگەیەک بگرنەبەر و تەنھا بیر لە بەرژەوەندییە باڵاکی کورد بکەنەوە نەک بەرژەوەندی سیاسی خۆیان.
ھەر لەم یادە شکۆمەندەدا ھیوای سەرکەوتن بۆ خوشک و برا شەڕڤانەکانمان لە عفرینی رۆژاوای کوردستان دەخوازین کە لەلایەن ووڵاتی تورکیاوە ھێرشی ناڕەوای کراوەتەسەر و سەدان ژن و مناڵ شەھید بوون، داواکارین نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کاری جدی بکەن لەسەر راگرانتى ئەم ھێرشە ناڕەوایە.
دووبارە پیرۆز بێت یادی راپەڕین، سەربەرزی بۆ شەهیدان و سەرشۆڕی بۆ دوژمنانی کورد.
سەڵاح کوێخا سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ٤ی ئازاری ٢٠١٨
649 جار خوێندراوهتهوه |
|