له خانه‌قین 36 شوقه به‌سه‌ر هاوڵاتیان و فه‌رمانبه‌ران دابه‌شكرا
16 / 4 / 2018
ئه‌مڕۆ (16ی نیسانی 2018) به ئاماده‌بوونی یونس ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان و قامقیامی قه‌زای خانه‌قین، له مه‌راسیمێكدا ژماره‌یه‌ك یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون به‌سه‌ر هاوڵاتیان و فه‌رمانبه‌رانی خانه‌قین دابه‌شكرا.
له‌و مه‌راسیمه‌دا به‌یان عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گه‌رمیان رایگه‌یاند: له كۆی ئه‌و یه‌كانه‌ی نیشته‌جێبوون كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه له خانه‌قین بۆ هاوڵاتیانی كه‌مده‌رامه‌ت و فه‌رمانبه‌ران دروست ده‌كرێت ئه‌مڕۆ 36 یه‌كه‌ی ته‌واو بوون و كلیله‌كه‌ی به‌سه‌ر سودمه‌ندبوانیدا دابه‌ش ده‌كه‌ین.
ووتیشی، له‌ماوه‌ی رابردوودا 330 فۆرم بۆ وه‌رگرتنی ئه‌م یه‌كانه دابه‌شكرا دواتر له‌لایه‌ن لیژنه‌ی باڵا له ئیداره‌ی گه‌رمیان خاڵبه‌ندی بۆ ناوه‌كان كرا و 36 كاندیدی هه‌ڵبژێردرا و 18 یه‌كه‌ی بۆ هاوڵاتیانی كه‌مده‌رامه‌ته و 18 یه‌كه‌كه‌ی تریشی بۆ فه‌رمانبه‌رانه، له‌مڕۆشه‌وه ده‌توانن تیایدا نیشته‌جێبن.
به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی خانه‌قین ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، به بودجه‌ی یه‌ك ملیار و 796 ملیۆن دینار له‌سه‌ر بودجه‌ی وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه پرۆژه‌كه جێبه‌جێكراوه و ژماریه‌كی تریش یه‌كه‌ی نیشتهێبوون له شاره‌كه دروستكراون و كاره‌كانی مه‌رحه‌له‌ی باشیان بڕیوه به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی دارایی كاره‌كانی وه‌ستاوه.
655 جار خوێندراوه‌ته‌وه |
|
|
|