ووتەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لە کۆنفرانسی ئابوری ھەرێم و ئێران
2 / 5 / 2018
ئەمڕۆ (٢ی ئایاری ٢٠١٨) بە بەشداری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و جێگرەکەی و وەزیری بازرگانی ئێران و وەزیر و بەرپرسانی باڵای ھەرێم و شاندی ئیدارەی گەرمیان و ژمارەیەک لە بازرگانان، کۆنفرانسی پەرپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران لەشاری ھەولێر دەستیپێکرد و بڕیارە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بێت.
لە پانێڵێکی کۆنفرانسەدا، سەڵاح کوێخا سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ھاوکات سەرۆکی شاندی ئیدارەی گەرمیانە، ووتەیەکی لەسەر مەرزی پەروێزخان پێشکەشکرد و رایگەیاند، مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان شوێنێکی ستراتیژی گرنگی ھەیە، بەیەک مەسافە لە بەغدای پایتەخت و سلێمانی و کەرکوک دورە ئەمەش وایکردووە ئەو کاڵانەی لە ئێرانەوە ھاوردە دەکرێن بە کاتێکی کەم بۆ ئەو شوێنانە بگوازرێنەوە، بەپێی ئامارەکان ساڵانە بەنزیکەی لە سەدا ٥٠ی ئەو کالانەی دێنە ھەرێمی کوردستانەوە لە رێگەی ئەم مەرزەوە داخل دەکرێن لە ساڵی رابردووشدا بە بەھای یەک تریلیۆن و ١٢٦ ملیار و ٩٤٨ ملیۆن دینار کالا ھاوردە کراوە.
ووتیشی، مەرزی پەروێزخان بۆتە دەروازەیەکی گرنگ بۆ بازرگانانی ھەردوولا بە ھاوردەکردنی کاڵای بازرگانیجۆراوجۆر، دیارە لە چوارچێوەی پەرەپێدانی مەرزەکەش ئێمە لە ئیدارەی گەرمیان توانیومانە پەیوەندییەکی باش لەگەڵ پارێزگای کرماشان بونیاد بنێین ھەروەھا گومرک و بەرپرسانی ھەردوو لای دەروازە پەیوەندی پتەویان ھەیە و کارەکان بە باشی دەروات، ھەر ئەمەش وایکردووە ھەر کاتێک کێشە و گرفتێک ھاتبێتە پێش بە پەلە چارەسەر بکرێت.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ئەوەشی خستەروو، لەماوەی رابردوودا لەئەنجامی رێککەوتنی ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کرماشان گەیشتنە رێککەوتن بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی گەورەی پیشەسازی لە مەرزی پەروێزخان بە رووبەری ٥٠٠ دۆنم زەوی، بۆ ئەو مەبەستەش لە پەروێزخان زەویمان تەرخان کردووە. سەرمایەی پرۆژەکەش زیاتر لە ٤٠٠ ملیون دۆلارە کە تایبەتە بە دروستکردنی بینای کارگەکان و خزمەتگوزارییەکانی ناو پرۆژەکە، لای ئێمەوە رێکارەکانی پرۆژەکە تەواو بووە ئێستا لە دەستەی وەبەرھێنانە، ئەگەر لەوێش تەواو بکرێ ئەوە لەماوەیەکی کەمدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و خزمەتێکی گەورە بە کەرتی پیشەسازی و بازرگانی لە ھەردوو وڵات دەکات.
1006 جار خوێندراوهتهوه |
|
|
|