بروسکەی ماتەمینی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بۆ کۆچی دوایی عادل موراد
18 / 5 / 2018
بەبۆنەی کۆچی دوایی عادل موراد ئەندامی دەستەی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەکەی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەین، داواکارین خوای گەورە روحی کاک عادل بە بەھشتی بەرین شاد بکات و سەبوری ھەموو لایەک بدات.
کاک عادل موراد لە رۆژگاری سەختی خەبات پاش دامرکاندنەوەی شۆڕشی ئەیلول و ئەو دەمە گەلی کورد دەست وەستان بوو لەبەرامبەر زوڵم و زۆری دوژمن، لەگەڵ ھەڤاڵ مام جەلال و ھاوڕێکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دامەزراند دواتر یەکێتی بوو بە ھەڵگیرسێنەری شۆڕشی نوێی گەلەکەمان لە ئەنجامی ئەو شۆڕشە گەورەشدا گەلی کورد چۆکی بە دوژمم دادا و دەستکەوتی گەورەی بەدەستھێنا، دیارە لەو خەباتە مێژووییەدا کاک عادل موراد رۆڵێکی گەورە و کاریگەری ھەبووە بۆیە جێگەی خۆیەتی لێرەوە بڵێین لە دەستدانی کاک عادل کەلێنێکی گەورەیە و ھەروا بە ئاسانی جێگەکەی پڕنابێتەوە.
مامۆستا عادل موراد ھاوشان لەگەڵ کاری سیاسی و بەرپرسیاریەتییەکانی، لە بواری رۆشنبیری و رۆژنامەنوسی و رێکخراوەیی کاریکردووە و لەسەرەتای شۆڕش سەرپەرشتی مەفرەزە سەرەتاییەکانی پێشمەرگەی کردووە و ماوەیەکیش وەک دیبلۆماتێک لە دەرەوەی وڵات کاری کردووە، بەداخەوە تەمەن رێگەی نەدا ئەم پیاوە دڵسۆز و کورد پەروەرە زیاتر خزمەت بە گەلەکەی بکات و بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە پاش ململانێی سەخت لەگەڵ نەخۆشی بەیانی ئەمڕۆ لە وڵاتی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.
ھەزاران سڵاو لە گیانی پاکی کاک عادل موراد و شەھیدانی کورد و کوردستان
سەڵاح کوێخا
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان
٢٠١٨/٥/١٨
443 جار خوێندراوهتهوه |
|
|
|