ژوری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئیداره‌ی گه‌رمیان چه‌ند بڕیارێكی نوێی ده‌ركرد
19 / 3 / 2020
ئه‌مڕۆ (19ی ئازاری 2020) ژوری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئیداره‌ی گه‌رمیان بۆ روبه‌رووبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، به سه‌رپه‌رشتی سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان كۆبووه و له‌سه‌ر رۆشنایی بڕیاره‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و پاش تاوتوێكردنی بارودۆخه‌كه چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد.
له كۆبووه‌وه‌كه‌دا، سه‌ڵاح كوێخا سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان تیشكی خسته‌سه‌ر كۆبونه‌وه‌ی دوێنی وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌گه‌ڵ پارێزگاری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان و راپه‌ڕین، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، به‌پێی ده‌رئه‌نجامه‌كان و راپۆرته پزیشكییه‌كان و هه‌ڵسه‌نگاندنی وه‌زارتی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم و رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی ئیجره‌ئاته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم رێگربوون له بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و پاراستنی ته‌ندروستی هاوڵاتیان.
ووتیشی، به‌ده‌مه‌وه هاتنی هاوڵاتیان بۆ بڕیاره‌كانی حكومه‌ت و ماندوبونی ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی له‌ئه‌ركدان رۆڵی باشی بینیوه له بڵاونه‌بونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆیه لێره‌وه سوپاسی كارمه‌ندان و هاوڵاتیانی خۆشه‌ویست ده‌كه‌ین.
هاوكات، پاش تاوتوێكردنی بارودۆخه‌كه و ده‌رئه‌نجامه‌كان و خستنه‌ڕووی پێشنیار و تێبینییه‌كان، له‌سه‌ر رۆشنایی بڕیاره‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئیداره‌ی گه‌رمیان، ئه‌م بڕیارانه‌ی لای خواره‌وه دران.
1. داوا له‌و هاوڵاتیانه ده‌كه‌ین له كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه گه‌ڕاونته‌وه و تا ئێستا پشكنینیان ئه‌نجامنه‌داوه، له ماوه‌ی (72) كاتژمێر به خۆیان و پاسپۆرته‌كانیان سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی گشتی كه‌لار بكه‌ن به مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی سامپڵی پێویست بۆ پشكنین، به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌ر یه‌كێك له‌و هاوڵاتیانه سه‌ردان نه‌كات رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر، ته‌واوی ئه‌و هاوڵاتیانه ناو و ناونیشان و ژماره‌ی ته‌له‌فۆنی له‌به‌رده‌ستمانه.
2. درێژكردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ تا رۆژی (24/3/2020)، ته‌نها شانده فه‌رمییه‌كان و رێكخراوه‌كان و راگه‌یه‌ندنكاران و ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی له ئه‌ركدان ده‌توانن هاتوچۆ بكه‌ن.
3. له ماوه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ خاوه‌ن كۆمپانیاكان و ماركێته‌كان و بازرگانه‌كان، ده‌توانن له كاتژێر (12) ی شه‌و تا (6)ی به‌یانی شمه‌ك و خۆراك بۆ ماركێته‌كان و شوێنی كاریان بهێنن.
4. جوتیاران و خاوه‌ن باخ و مه‌زره‌عه‌كان، له (12)ی شه‌و تا (6)ی به‌یانی رێگه‌یان پێده‌درێت سه‌ردانی باخه‌كانیان بكه‌ن به مه‌به‌ستی راییكردنی كاره‌كانیان. 5. رێكخستنه‌وه‌ی كاری مه‌رزی په‌روێزخان و جموجۆڵی بازرگانی به‌شێوه‌یه‌ك زیاتر به‌ریه‌ككه‌وتن كه‌مبكرێته‌وه.
6. ئیداره‌ی گه‌رمیان ده‌سه‌ڵات ده‌به‌خشێته قایمقامه‌كانی قه‌زای كه‌لار و قه‌زای كفری به مه‌به‌ستی باشتر گرتنه‌به‌ری رێكاره‌كان له پێناو رێگری له بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و سه‌لامه‌تی هاوڵاتیان.
2329 جار خوێندراوه‌ته‌وه |
|