سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان له‌گه‌ڵ قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كان و ده‌زگا ئه‌منیه‌كان كۆبوه‌وه
14 / 9 / 2020
ئه‌مڕۆ (14ی ئه‌یلول) سه‌باره‌ت به رێكخستنه‌وه‌ی ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی كاره‌كانیان و رایكردنی مامه‌ڵه‌ی هاوڵاتیان، جه‌لال نوری سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان له‌گه‌ڵ قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی سنوری ئیداره‌ی گه‌رمیان كۆبوه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، جه‌لال نوری سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان ووتی، له‌ماوه‌ی رابردوودا به‌هۆی بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه و ئێستاش له‌سه‌ر بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌وام رێكخراوه‌ته‌وه.
سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان راشیگه‌یاند، به‌هۆی دواكه‌وتن و لێبڕینی موچه بارودۆخی دارایی فه‌رمانبه‌ران خراپه و ئێمه له موعاناتی فه‌رمانبه‌ران تێگه‌یشتوین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته خزمه‌تكردنی هاوڵاتیان و راییكردنی مامه‌ڵه‌كانیان به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت و به باشترین شێوه خزمه‌ت بكرێن به‌م جۆره‌ش پێویسته ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران به له‌به‌رچاوگرتنی خزمه‌تی گشتی رێكبخرێته‌وه.
ووتیشی، له ژێر رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و حكومه‌تی هه‌رێم، پێویسته فه‌رمانبه‌ران و هاوڵاتیان له فه‌رمانگه حكومییه‌كاندا رێكاری ته‌ندروستی و خۆپارێزی بگرنه‌به‌ر.
سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان جه‌ختیشی كرده‌وه، ئیداره‌ی گه‌رمیان هه‌میشه هاوكار و پشتیوان ده‌بێت بۆ سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه گشتیه‌كان و یه‌كه ئیدارییه‌كان و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌كان. ئه‌وه‌ش به ئامانجی خزمه‌تی گشتی له سنوره‌كه‌دا.
دواتر، قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگا ئه‌منییه‌كان جه‌ختیان له گرتنه‌به‌ری رێكاره خۆپارێز وته‌ندروستیه‌كان كرده‌وه له فه‌رمانگه‌كاندا و سه‌رنج و تێبینی و بۆچوونی خۆیان له‌سه‌ر كاره‌كانیان و شێوازی ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران و كارمه‌ندان خسته‌ڕوو.
1074 جار خوێندراوه‌ته‌وه |
|