سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان پێشوازی کرد لە شاندێکی پەرلەمانی کوردستان
11 / 1 / 2021
ئەمڕۆ (١١ی کانوونی دووەم) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان پێشوازیکرد لە شاندێک لە نوێنەرانی گەرمیان لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە دیداری نێوانیان باس لە کێشەی زیادەڕوی لە سنوری شارەوانی کەلار کرا.
لەو سەردانەدا، شاندەکە کە پێکھاتبوون لە پەرلەمانتاران (ناسر ئەحمەد، شیرین ئەمین، رزگار محەمەد) و کەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، رایانگەیاند، ئەمرۆ بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری کێشەی زیادەڕویی لە سنوری شارەوانی کەلار سەردانی ئێدارەی گەرمیانیان کردوە.
ئەوەشیان خستەڕوو، ئەوان وەک نوێنەری گەرمیان لە پەرلەمانی کوردستان ھاوکار و ھەماھەنگ دەبن بۆ چارەسەری کێشەکانی زیادەڕەویی.
لای خۆیەوە، جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان باسی لە کێشە و گرفتەکانی زیادەڕویی لەگەڕەکە تەجاوزەکانی کەلار کرد، راشیەگەیاند، سوپاس بۆ سەردانەکەتان ئێمە دەزانین بەشێک لە ھاوڵاتیان ھەژار و کەمدەرامەتن و پێویستیان بە یەکەی نیشتەجێبوونە و تەجاوزیان کردوە، بەڵام بەپێی یاسای تەجاوز مامەڵە کراوە و بە فەرمانی دادگا لێپێچینەوە کراوە.
ووتیشی، کێشەی تەجاوز لە بەشێک لە گەڕەک و شوێنە جیاوازەکانی شاری کەلار چارەسەرکراوە و بە بەردەوامیش فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لەسەر ھێڵن بۆ چارەسەری گرفتەکان و رێکخستنەوەی گەڕەکە تەجاوزەکان.
دواتر ھەر لە دیدارەکەدا، باس لە کێشەی نیشتەجێبوون لە شاری کەلار کرا و جەختکرایەوە لەوەی دۆخی ئابووری و ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان لەبەرچاوبگێرێت و لەو پێناوەشدا کۆدەنگی دروست ببێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون لە کەلار و ھەوڵدان بۆ دابەشکردنی زەوی لە سنورەکە.
922 جار خوێندراوهتهوه |
|