بەروار: 03/07/2025
٢٥ى حوزەیرانى ٢٠٢٥ بەمەبەستى دەستپێکردنى وەرزێکى نوێیی کارکردنیان لە بوارى خزمەتگوزارى ئاو و لێدانى بیر لە گوندەکاندا، ستافى رێکخراوى هاوکارى ئەڵمانى، سەردانى ئیدارەى گەرمانیان کرد و بە ئامادەبوونى بەڕێوەبەرى ئاوى دەوروبەرى گەرمیان، سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان لە گەڵیاندا کۆبووەوە. لە کۆبووەنەوەکەدا، ستافى رێکخراوى هاوکارى ئەڵمانى ئەوەیان خستەڕوو، لە ماوەى ساڵانى رابردوودا لەسەر ئەرکى خۆیان و بە هاوکارى بەڕێوبەرایەتى ئاوى دەوروبەى گەرمیان، لەبوارى ئاودا چەندین پرۆژەیان ئەنجامداوە و بە لێدانى بیر ئاویان گەیاندووەتە چەندین گوندى سنورى ئیدارەى گەرمیان. ئەوەشیان راگەیاند، بەرنامەى کاریان ئەوەیە لەم وەرزەدا، بەچاودێری ئیدارەی گەرمیان و بەهاوبەشی لەگەڵ ئاوی دەوربەری گەرمیان، لە رێگەى لێدانى بیر و پاککردنەوەى سەرچاوەکانى ئاو و پرۆژەى ترەوە، ئاو بگەیەننە ژمارەیەکى ترى گوندى گەرمیان کە کێشەى ئاویان هەیە. لاى خۆیەوە، جەلال شێخ نورى سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان، رایگەیاند، ئێمە لە ئیدارەى گەرمیان بە گرنگییەوە لە هەوڵەکانى رێکخراوى هاوکارى ئەڵمانى دەڕوانین کە ماوەى چەندین ساڵە لە گەرمیان کاردەکەن و جێگەى دەستیان دیارە. ئەوەشی ووت، بۆ ئەمساڵ بە هۆى کەم بارانییەوە لە ژمارەیەک گوندى سنورەکە، کێشەى ئاو دروست بووە و ئەم پرۆژەیەی رێکخراوەکەتان کە خۆى لە لێدانى بیر و پرۆژەى ترى بوارى ئاو دەبینێتەوە، رۆڵى سەرەکی دەبێت لەچارەسەرکردنی گرفتی کەم ئاوی، هاوکات لەگەڵ ئەم پرۆژەیەشدا ژمارەیەک خێرخواز و بازرگانى سنورەکە ئامادەییان دەربڕیوە لە گوندەکاندا بیر لێ بدەن، ئەمەش جێگەى دەستخۆشیە و ئێمە لە ئیدارەى گەرمیان هاوکار و پشتیوان دەبین.