کەلار

كه‌لار قه‌زایه‌كی باشوری كوردستانه‌، له‌سه‌ر ڕووباری سیروان هه‌ڵكه‌وتووه‌، دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانى سلێمانى و کەرکوک و دیالە، لە ساڵى ١٩٧٠ لەلایەن حکومەتى عێراقەوە کراوە بە قەزا، لەساڵى ١٩٧٥ لە رووى ئیدارییەوە قەزاى کەلار لە پارێزگاى کەرکوک دابڕێنراوە و خرایەسەر پارێزگاى سلێمانى.
لە دواى راپەڕینى بەهارى ساڵى ١٩٩١ و پێکهێنانى یەکەمین کابینەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە هەرێمى کوردستاندا پارێزگاى کەرکووک هێنرایەکایەوە، هەریەکە لە قەزاکانى (کەلار، کفرى، دەربەندیخان و ناحیەکانى قۆرەتوو و مەیدانى قەزاى خانەقین) سەر بەو پارێزگایە بووە، لە دواى پرۆسەى ئازادى عێراق و لەساڵى ٢٠٠٦، پارێزگاى کەرکووک لە هەرێمى کوردستان هەڵوەشێنرایەوە و بە فەرمانى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم، (ئیدارەى گەرمیان) هێنرایەکایە و قەزاى کەلار کرا بە ناوەندى ئیدارەى گەرمیان، کە ئیدارەى گەرمیان وەک یەکەمین ئەزمونى ئیدارەى سەربەخۆ بوو لە هەرێمى کوردستان.لە دواى پێکهێنانى ئیدارە نوێێەکەیش، هەریەکە لە قەزاکانى (کەلار، کفرى، چەمچەماڵ،ناحیەکانى قۆرەتوو و مەیدانى خانەقین) خرانەسەر ئیدارەى گەرمیان.

بەپێى رووبەر و ژمارەى دانیشتوان، کەلار یەکێکە لە قەزا گەورە و گرنگەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق، ئەمەش بەهۆى پێگە جوگرافییە گرنگەکەى، کە هەرێمى کوردستان دەبەستێتەوە بە پارێزگاکانى ناوەڕاستى عێراق و کۆمارى ئیسلامى ئێران کە نزیکە لە پارێزگاى کرماشانى ئێران و مەرزى نێودەوڵەتى پەروێزخان وەک مەرزێکى پڕ جموجوڵى بازرگانى و هاتوچۆى گەشتیاران لە نێوان ئیدارەى گەرمیان و پارێزگاى کرماشاندا هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا، بەهۆى بوونى رووبارى سیروان و رووبەرێکى بەرفراوانى زەوى کشتوکاڵى لەسنورى قەزاى کەلار و سامانى سروشتى، کەلار گەشەکردنى خێرا و بەرفراوانى بەخۆوە بینیوە، بەتایبەت لەبوارى، پیشەسازى، کشتوکاڵ، سامانى ئاژەڵ، گەشتیارى، وەبەرهێنان و بوارەکانى تر.
لە کەلاردا وەک ناوەندى ئیدارەى گەرمیان سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەگشتیەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکانى سەر ئاستى گەرمیان و دامودەزگا حکومییەکان بوونیان و بێجگە لە فەرمانگە و دامودەزگانى سەر ئاستى کەلاریش هەریەکە لە زانکۆى گەرمیان و کۆلێژ و بەشەکانى زانکۆى پۆلیتەکنیکى گەرمیان و ژمارەیەک پەیمانگاى حکومى و ناحکومى هەیە و خزمەت بە سنورەکە دەکەن.

ناوەندى کەلار خۆى دەبینێتەوە لە زیاتر لە (٣٠) گەڕەک و قەڵاى شێراوانە و جۆگەى گاور کە دوو شوێنەوارى دیرینن لە ناوەندى شارەکەدان، گەڕەکى کەلارى کۆن، کە پێشتر گوندێکى گەورە و ئاوەدانى سنورەکە بووە ئێستا یەکێکە لە گەڕەکەکانى کەلار، ژمارەى دانیشتوانى شارەکە رۆژ بە رۆژ لە زیادبوون بووە و بەپێی دوایەمین سەرژمێرى عێراق، ژمارەى دانیشتوانى قەزاى کەلار زیاتر لە ٢١٣ هەزار کەس بووە، ئەمە جگە لەوەى دەیان هەزار هاوڵاتى دانیشتووى سنورى کەلار بەهۆى رێکارەکانى جێبەجێکردنى ماددەى ١٤٠ى دەستورى عێراقەوە لەسەر قەزاى خانەقین و ناوچەکوردستانییەکانى تر تۆمارکراون.