خانه‌قین یه‌كێكه له قه‌زا كورد نشینه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سنوری هه‌رێمی كوردستان، ده‌كه‌وێته رۆژهه‌لاتی پارێزگای دیاله، له رووی ئیدارییه‌وه قه‌زای خانه‌قین سنوری چه‌ند ناحیه‌ك ده‌گرێته‌وه، كه به‌شێكیان له سنوری ماده‌ی 140ی ده‌ستوری عێراقدان كه تائێستا چاره‌نوسیان یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه له‌وانه‌ش: ناحیه‌كانی جه‌له‌ولا، سه‌عدیه له‌گه‌ڵ سه‌دان گوند، وه هه‌روه‌ها دوو ناحیه‌ی تری سه‌ربه قه‌زای خانه‌قین كه بریتین له ناحیه‌كانی: قۆره‌توو، مه‌یدان، له دوای راپه‌ڕینی 1991 یه‌كه‌وه له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه به‌رێوه‌ده‌برێن به جۆرێك له ماوه‌ی رابردوودا سه‌ربه پارێزگای كه‌ركوك بوون، له ئێستاشدا سه‌ربه ئیداره‌ی گه‌رمیانن. بۆ راپه‌ڕاندنی ئیشوكاری هاوڵاتیان و خزمەتکردن بە قەزاکە وه‌كو هه‌ر ناوچه‌یه‌كی تری هه‌رێمی كوردستان حكومه‌تی هه‌رێم ژماریه‌ك به‌رێوه‌به‌رایه‌تی له قه‌زای خانه‌قین كردۆته‌وه كه سه‌ر به ئیداره‌ی گه‌رمیانن.