سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ناحیەی کۆکسی بەسەرکردەوە

بەروار: 07/07/2025

ئەمرۆ (٧ی تەمموزی ٢٠٢٥) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە یاوەری لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق کاروان یاروەیس و سۆزان مەنسور و بێستون فایەق راوێژکاری سەرۆکی یەکێتی و قایمقامی قەزای کفری و بەڕێوەبەری پۆلیسی گەرمیان، ناحیەی کۆکسی بەسەرکردەوە.

لەو سەردانەدا، کۆبونەوەیەکی کراوە لەگەڵ دانیشتوانی سنوری ناحیەی کۆکس و چین و توێژ و پێکهاتەکانی سنورەکە ئەنجامدراو تیایدا تیشکخرایەسەر پرۆژەیەکی حکومەتی عێراق بۆ بە قەزاکاکردنی ناحیەی قەرەتەپە و دابڕینی ناحیەی کۆکس لە ئیدارەی گەرمیان و گواستنەوەی بۆسەر ئەو قەزا نوێیە کە دەیانەوێت بیهێننەکایەوە. 

جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لە کۆبونەوەکەدا رایگەیاند، ئەمڕۆ هاتووین لە نزیکەوە پێتان رابگەیەنین کە ئەم بڕیارە سیاسیە و نادەستوریە بۆیە بە هەموو شێوەیەک رەتی دەکەیەنەوە و هەموو هەوڵێک بەگەڕدەخەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی لەبەر ئەوەی ناحیەی کۆکس ناحیەیەکی هەرێمی کوردستانە و لە لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق لەلایەن حکومەتی هەرێم هێنراوەتە کایەوە.

دواتر هەموو ئامادەبوانی کۆبونەوەکە و دانیشتوانی سنوری ناحیەی کۆکس بە کورد و نوێنەری پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمان جەختیان کردەوە لە لە یەکخستنی هەوڵەکان بۆ راگرتنی ئەو بڕیارە و مانەوەی ناحیەی کۆکس لەسەر ئیدارەی گەرمیان.

دوابەدوای کۆبونەوەکەش لەسەر هەوڵە سیاسی و نادەستورییەکان بۆ دابڕینی ناحیەی کۆکس لە هەرێمی کوردستان کۆنگرەی رۆژنامەوانی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لە ناحیەی کۆکس سازدرا.

وێنەکان