سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بەشداریکرد لە مەراسیمی عاشورا لە حوسەینیەی کەلار

بەروار: 04/07/2025


ئەمشەو (٣ی تەمموزی ٢٠٢٥) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بەیاوەری بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی گەرمیان و سەرۆکی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەری دامودەزگاکانی گەرمیان، بەشداریکرد لە هەشتەمین رۆژی رێوڕەسمی عاشورا لەحوسێنییەی کەلار.

لە مەراسیمەکەدا ئەبو حەیدەر کوبەیسی، وتاربێژی حوسێنییەی کەلار، لەوتەیەکیدا باسی چۆنیەتی پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی پێکھاتەو ئاینزاجیاوازەکان لە سنوری گەرمیان و کوردستان بەگشتی کرد.

وتاربێژی حوسێنییەی کەلار، سوپاسی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانی کرد لەبەرامبەر ئامادەبوون و رۆل بینینی لەخزمەتکردنی پێکھاتە جیاوازەکان لە سنورەکەدا و هەوڵەکانی بۆ خزمەتی حوسەینیەی کەلار.

‎، م.سەباح حەمەصاڵح بەرێوەبەری گشتی ئەوقافی گەرمیان، لەوتەیەکیدا، ئاماژەی بەگەورەیی مانگی حومەرەم کرد و تیشکی خستەسەر رۆڵی ئیمام حسێن و شەهیدبوونی و گرنگی رۆڵی ئاینی ئیسلامی لە پێکەوەژیانی کۆمەڵگادا

‎لای خۆشیەوە مەلا ئیدریس ژاڵەیی  سەرۆکی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایانی  ئایینی ئیسلامی، جەختی لەبرایەتی و پێکەوەیی ئاینی لەم رۆژەدا کردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەو برایەتییەی لە   نێوان ئاینزاکانی سونە و شیعەدا هەیە لە کوردستاندا وەک دوو پێکهاتەی موسوڵمان، گرنگە بەردەوامی  هەبێت و زیاتر پەرەی پێبدرێت

هاوکات جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن رایگەیاند، برایانی شیعە مەزهەب بەھاوبەش و بەشدارێکی راستەقینەی خۆمان ئەزانین و هەمیشە دەستپێشخەرن بۆ پێکەوە ژیان، سەردانیشمان بۆ حوسەینیە دووپاتکردنەوەی ئەو رێزو خۆشەویستی و پێکەوە ژیانەیە کەچەندین ساڵە لە سنورەکەمان بوونی 
ھەیە و پێویستیشە درێژەی پێ بدەین.

لە سەردانەکەیدا، بۆ حوسەینیەی کەلار، هەریەکە لە بەڕێوەبەرەکانی هاتوچۆی گەرمیان، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی و ئاودێری و ئامار و بەڕێوەبەری نوسینگەی مافی مرۆڤ یاوەری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بوون

وێنەکان