بهڕێز قوباد تاڵهبانی: سهڵاح كوێخا توانی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە ستراتیژی حکومەت لە ئیدارەی گەرمیان جێبەجێ بکات
30 / 8 / 2020
بهڕێز قوباد تاڵهبانی جێگری سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان به ناونیشانی (بۆ کاک سەڵاح کوێخا سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان) پهیامێكی بڵاوكردوەتهوه و تیایدا، سوپاسی بهڕێز سهڵاح كوێخا سهرپهرشتیاری ئیدارهی گهرمیان دهكات لهبهرامبهر چهندین ساڵی كاركردنی وهك سهرپهرشتیاری ئیدارهی گهرمیان و رۆڵ و كاریگهری له ئاوهدانی و بهرهوپێشچوونی گهرمیان له رووی خزمهتگوزاری و ئاوهدانییهوه.
دهقی پهیامهكه:
بۆ کاک سەڵاح کوێخا سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان
دەمەوێت لە ڕێگەی ئەم نووسینەوە رێز و پێزانینی خۆم بۆ کەسێک دەرببڕم کە تەمەنی گەنجێتی وەک پێشمەرگەیەکی کۆڵنەدەر لە شاخ و پێدەشتەکانی کوردستاندا تێپەڕکرد و لەم ساڵانەی دواییشدا بە هەمان رۆحی سەردەمی خەبات و پێشمەرگایەتییەوە لەڕێی پۆستی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانەوە خزمەتی گەورەی پێشکەش بە گەرمیان و خەڵکی ناوچەکە کردووە.
کاک سەڵاح کوێخا لە کاتێکدا بەرپرسیارێتی ئیدارەی گەرمیانی وەرگرت کە ئەو دەڤەرە خۆشەویستە ببووە چەقی ململانێی قورسی سیاسیی و لە هەمان کاتیشدا ناوچەکە پێویستیی زۆری بە خزمەتگوزاری ھەبوو. بێ گومان لە وەها دۆخێکدا وەرگرتنی بەرپرسیارێتییەکی ئاوا گەورە کارێکی قورسە، بەڵام کاک سەڵاح بە سنگفراوانی و بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە وەک خەمخۆرێکی گەرمیان و گەرمیانییەکان بەرپرسیارێتییەکەی وەرگرت و توانی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە ستراتیژی حکومەت لە ئیدارەی گەرمیان جێبەجێ بکات و چەندین پرۆژەی گرنگ و گەورەش جێبەجێ کران.
بە درێژایی ئەو ساڵانەی لە نزیکەوە لەگەڵ کاک سەڵاح کارم کردووە ئەوەی تێبینیم کردبێت دڵسۆزی و خەمخۆری بەرێزیان بووە بۆ گەرمیان. بۆیە خۆم بە بەختەوەر دەزانم كە سەردەمێك كارم لەگەڵ كوێخای دەوڵەتداری گەرمیان كردووە؛ هەم لەبەر ئەوەی خۆی پیاوێکی کارامە و بەتوانا بووە، هەم لەبەر ئەوەش کە سەرپەرشتی کەلار بەتایبەت و گەرمیان بەگشتی کردوە کە ناوچەیەکە ئێجگار شیرین لەدڵدا، دان بەوەشدا دەنێم کە بەخۆشحاڵییەوە سوودم لە ئەزمونی تێكۆشەرانەی وەرگرتووە لەئیدارەدانی ناوچەیەکی فراوانی وەک گەرمیان کە خزمەتکردنیان هەمیشە شانازی بووە بۆ ئێمە.
ئێمە کە بەردەوام دەمانویست بەشێک لە قەرزەکانی سەرشانمان بدەینەوە بە گەرمیان و گەرمیانییەکان کە پشتیوانێکی گەورەی شۆڕش بوون و لەم پێناوەشدا قوربانیی زۆریان داوە، ئێستا بەهۆی هەوڵ و دڵسۆزی و خەمخۆری کاک سەڵاحەوە تا رادەیەکی بەرچاو لەو ئامانجەمان نزیکتر بووینەتەوە كە گەرمیان بەرەو ئاوەدانتر بەرین، هەرچەندە دەزانم گەرمیان و هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان پێویستیان بە خزمەتگوزاری زۆر زیاتر هەیە، بەڵام بۆ ئەمەش پێویستیمان بە کەسانی خەمخۆر و دڵسۆزی وەک کاک سەڵاح هەیە بۆ ئەوەی کاروانی ئاوەدانی بەردەوام بێت.
کاک سەلاح راستە وەک یەکێتییەک پۆستی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانی وەرگرت، بەڵام کەمترین رەخنە و گلەیی هاتووەتە سەر و هەمیشە بەیەک چاو سەیری هەموانی کردوە و بە گیانێکی بەرزی نیشتمانیانەوە رەفتاری کردووە و بێ گومان هەر ئەوەشی لێ چاوەڕوان دەکرا.
لێرەدا راستەوخۆ رووی قسەم دەکەمە کاک سەڵاح و ھیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ دەخوازم و باوەڕیشم وایە لە پاش خانەنشین بوونی، لە ھەر شوێنێک بێت و ھەر کارێک بگرێتە ئەستۆ، خزمەتکردنی نیشتیمان و گەلەکەمان، ئەولەوییەتی یەکەمی دەبێت و ھەر بە هەمان ڕۆحییەتەوە بەردەوام دەبێت کە خزمەتی ناوچەیەکی ئەنفالدیدە و شەھیدبەخشی وەکو گەرمیانی پێ کرد و ھیچ کاتێکیش درێغی نەکرد. لە کۆتاییدا هیوادارم کوردستان نمونەی کەسانی دڵسۆز و خەمخۆری وەک کاک سەڵاحی زۆر بێت. قوباد تاڵەبانی
1527 جار خوێندراوهتهوه |
|