راگەیاندراوی ئیدارەی گەرمیان بەبۆنەی هێرشە تیرۆریستیەکەی ئەمشەوی سنوری قەزای کفری
30 / 11 / 2021
بەداخەوە ئەمشەو (٢٠٢١/١١/٢٩) لەسنوری قەزای کفری، جارێکی تر تیرۆریستانی داعش هێرشێکی دڕندانەیان کردە سەر هێزەکان پێشمەرگە و لە ئەنجامدا پاش ئەوەی بەتوندی بەرپەرچی تیرۆریستان درایەوە، بەداخەوە پێشمەرگەیەک شەهید بوو و سێ پێشمەرگەی تر بریندار بوون، ئێمە لە ئیدارەی گەرمیان وێڕای ئەوەی بە توندی ئیدانەی ئەم کردەوە تیرۆریستیە دەکەین، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی ئەو پێشمەرگە شەهیدە دەکەین و هیوای چاکبونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
ئەمشەو دەستبەجێ لەگەڵ رووداوەکە تیمەکانی تەندروستی لە کفری کاری پێویستیان بۆ بریندارەکان ئەنجامدا و پاش گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لەکەلار، لەلایەن تیمی پزیشکیەوە چارەسەری پێویست بۆ بریندارەکان کراوە، لێرەوە دەستخۆشی لە پزیشک و کارمەندان دەکەین کە ئەمشەو پێشمەرگە ئاسا بە هانای بریندارەکانەوە هاتن.
دیارە ئەوە چەندین جارە تیرۆریستانی داعش لەناوچەکانی هاوسنوری ناوچە دابڕێنراوەکان، بۆشایی ئەمنی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەقۆزنەوە و دڕەندەیی خۆیان پیشان دەدەن، ئامانج لەم هێرشە ناڕەوایانەش بڵاوکردنەوەی تیرۆر و تۆقاندنە، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە ئازایانە و گیانفیدایانە بەر بەم هێرشانە دەگرن و ناهێڵن ئامانجی گڵاوی تیرۆریستان بەدیبێت.
جارێکی تر هاوخەمی خۆمان بۆ خانەوادەی ئەم شەهیدە قارەمانە دوپاتدەکەینەوە، هیوای چاکبونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. سەربەرزی بۆ برایانی پێشمەرگە، مردن و سەرشۆڕی بۆ تیرۆریستانی تاریک پەرست.
جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان
675 جار خوێندراوهتهوه |
|
|
|