سنوری شارەوانی کەلار فراوان دەکرێت
18 / 9 / 2022
ئەمڕۆ (١٤ی ئەیلول) بەسەرپەرشتی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بە ئامادەبوونی جێگری سەرپەرشتیار و قایمقامی قەزای کەلار و بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری فەرمانەگە پەیوەندیدرەکان، کۆبوونەویەک سەبارەت بە فراوانکردنی شاری کەلار ئەنجامدرا. لە کۆبوونەوەکەدا، تیشکخرایەسەر نەخشەپلانی ئەو بەشەی شاری کەلار کە فراوان دەکرێت و بە تێروتەسەلی باس لە ووردەکاری نەخشەپلانەکە کرا و فراوانکردنەکەش خۆی دەبینێتەوە لە زەویەکانی سنوری بەردەسور لە باکوری کەلار بەرەو زەویەکانی گوندی سەید خەلیل نزیک شاری کەلار. جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، جەختی لە گرنگی و پێویستی فراوانکردنی سنوری شارەوانی کەلاری کردەوە و رایگەیاند، لەئێستادا بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی شاری کەلار و زیاتربوونی پرۆژەکانی وەبەرهێنان، فراوانکردنی سنوری شارەوانی کەلار بوەتە پێویستی شارەکە. دواتر، بڕیاردرا بە دەستپێکردنی گرتنەبەری رێکارەکان بۆ فراوانکردنی شارەوانی کەلار و بۆ ئەو مەبەستەش داواکاری ئاڕاستەی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بکرێت. لە کۆبوونەوەکەدا، هەریەکە لە، بەڕێوەبەرە گشتیەکانی کشتوکاڵ و وەبەرهێنان و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرەکانی نەخشەدانانی ئاوەدانی و بەڕێوەبەری باجی خانوبەرەی میری و ئاوی کەلار ئامادەبوون.
201 جار خوێندراوهتهوه |
|
|
|