جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان پێشوازی کرد لەنوێنەری وەزارەتی هاوکاری ئابووری و گەشەپێدانی حکومەتی ئەڵمانیا
26 / 11 / 2023
ئەمرۆ (١ی تشرینی یەکەم) نوێنەری وەزارەتی هاوکاری ئابووری و گەشەپێدانی ئەڵمانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەیاوەری ستافی رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی، سەردانی ئیدارەی گەرمیانی کرد و لەلایەن جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانەوە پێشوازی لێکرا. لەدیداری نێوانیاندا، رامیار عەبدولڕەحمان جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان وێڕای بەخێرهاتنی وەفدی میوان، باسی لە گرنگی کاری رێکخراوەکان و هاوکاری حکومەتی ئەڵمانیا کرد بۆ هەرێمی کوردستان، هاوکات کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی لەماوەی ڕابردوودا لە گەرمیان بەرز نرخاند، هیواشی خواست لە سەر کارو چالاکییەکانیان بەردەوام بن، بەتایبەت لە بواری گرنگیدان بە گەشەپێدانی تواناکانی گەنجانی سنورەکە. ئەوەشی خستەڕوو، هاوکاری ئەڵمانی خزمەتی باشی کردووە لە گەرمیاندا بەتایبەت کار و پرۆژەکانی لە شاری کفری جێگەی دەستخۆشیە، ووتیشی، ئیدارەی گەرمیان پاڵپشت و هاوکار دەبێت بۆ ئەنجامدانی هەر چالاکییەک کە خزمەت بە چین و توێژە جیاجیاکانی سنوری گەرمیان بکات. لەبەرامبەردا، ستیڤان کلاوس، نوێنەری وەزارەتی هاوکاری ئابووری و گەشەپێدانی حکومەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سوپاسی پێشوازی ئیدارەی گەرمیان و هەماهەنگی بەردەوامی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی ئیدارەی گەرمیانی کرد ، هاوکات خۆشحاڵی خۆی بۆ گەرموگوڕی گەنجان و چین و توێژەکانی گەرمیانی دەربڕی بۆ بەشداریکردن و بەدەمەوەهاتنی چالاکیەکانی رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی. داواشیکرد ئیدارەی گەرمیان بەردەوام بێت لە پاڵپشتی و هاوکاریکردنی رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکانیانی ئەوەش بەئامانجی خزمەتکردن بە دانیشتوان و گەنجانی سنوورەکە. راشیگەیاند، گەرمیان ناوچەیەکی چالاکە و بەشداری گەنجان و دانیشتوانی بۆ کاری رێکخراوەیی لە ئاستێکی باشدایە، لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە هەر شوێنێکیتر پێویستی بەخزمەتکردن و ئەنجامدانی چالاکی هەیە. هەر لە دیدارەکەدا، بێستوون ژاڵەیی بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە ئیدارەی گەرمیان، باسی لە ڕۆڵی ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی و پرۆژەکانی رێکخراوەکە کرد لە ماوەی ڕابردوودا، هیواشی خواست پرۆژەکانی داهاتوویان بەجۆرێک بێت زۆرترین خەڵک لە چین و توێژەکان سودی لێ ببینن، هەروەک جەختی لە گرنگی هەماهەنگی هەردوولا کردەوە بۆ ئەوەی کار و پرۆژەکان بەشێوەیەک بێت خزمەتی ناوچەکە بەشێوەیەکی باشتر و چڕوپڕتر بکات.
210 جار خوێندراوهتهوه |
|
|
|