کۆبونەوەیەکی تایبەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە ئیدارەی گەرمیان ئەنجامدرا

بەروار: 16/07/2025

ئەمڕۆ (١٦ی تەمموزی ٢٠٢٥)بەمەبەستی تەواوکردنی رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بەئامادەبوونی نوێنەری جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری دامودزگا پەیوەندیدارەکان کۆبووەوە.

لەکۆبوونەوەکەدا، جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، جەختی لە تەواوکردنی رێکارەکان کردەوە بۆ دابەشکرنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەری دامودزگا پەیوەندیدارەکانی راسپارد لەوبارەوە کاری خۆیان ئەنجام بدەن و لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی لە پەیوەندی بەردەوامدا بن بۆ دەرچوونی فەرمانی وەرگرتنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەرانەی تا ئێستا ناویان نەگەڕاوەتەوە.

دواتر لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان و سەرۆکی شارەوانی کەلار و کفری و بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانی گەرمیان باس لە رێکارە پێویستەکانی دابەشکردنی زەوییەکان کرا و لەو بارەوە زانیاری و داتای پێویست خرایەڕوو، بەپێی رێکارەکان، لە کەلار و کفری و ناحیەی رزگاری شوێنی گونجاو بۆ دابەشکردنی زەوی دەستنیشانکراوە.

هاوکات لە ئێستادا، زیاتر لە نیوەی فەرمانبەران و چین و توێژەکان فەرمانی وەرگرتنی زەوییان گەڕاوەتەوە و دوای هاتنەوەی ناوی تەواوی سودمەندبوان، دەستبەجێ پرۆسەی پێدانی زەوییەکان بە فەرمانبەران دەستپێدەکات.

لەکۆبوونەوەکەدا، هەریەکە لە جێگرانی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و قایمقامی قەزای کفری و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی شارەوانیەکان و کشتوکاڵ و وەبەرهێنان و بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانی و نەوت و کانزاکان و ئاوی دەوربەر و ئاودێری و سەرۆکی شارەوانی کەلار و کفری و رزگاری ئامادەبوون.

وێنەکان