بەروار: 03/09/2025
بەناوی خوای گەورە و میھرەبان بەبۆنەی رۆژی مەولود، یادی لە دایکبوونی گەورە و سەروەرمان پێغەمبەر محەمەد سەڵات و سەلامی خوای لەسەر بێت، بەناوی ئیدارەی گەرمیانەوە پیرۆزبایی ئەم رۆژە پیرۆزە ئاراستەی موسڵمانانی جیهان بەگشتی و کورستان و گەرمیان بەتایبەتی دەکەین. لەم رۆژە پیرۆز و شکۆمەندەدا داوا لە خوای پەروەردگار دەکەین، رەحمەت و خێر و بەرەکاتی خۆی بەسەر میللەتەکەماندا ببارێنێت، هەرچی بەڵا و ناخۆشیمان هەیە کۆتاییان پێبێت و ئاشتی و ئارامی و پێکەوەژیانی زیاتر، لە ووڵاتەکەماندا بەرقەرار بێت. پێغەمبەرمان محمد (د.خ) مرۆڤێکی گەورە و شکۆدار و ئاشتیخواز و خۆنەوسیت بوو کە خوای گەورە بۆ رزگارکردنی مرۆڤایەتی لە زوڵم و زۆر و کۆیلایەتی ناردی، هەر لەسەر دەستی ئەم زاتە پیرۆزە، مرۆڤایەتی هەنگاوی گەورەی نا بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و پێکەوەژیان، لەدوای خۆیشی ئاینێکی جوانی بۆ مرۆڤایەتی بەجێهێشتووە، کە رێنوێنیمان دەکات بۆ گرتنبەری رێگای راست و گیانی هاوکاری و بەخشین و پێکەوەژیان، هەر بۆیە تا ئەبەد لە جیهاندا ناوی محمد د-خ بە زیندویی دەمێنێتەوە. هیواخوازین هەمووان یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری خۆشەویست بکەن بە دەرفەتێکی گرنگ بۆ بەهاناوەچوونی یەکتر و بەلاوەنانی گیانی دوبەرەکی و شەڕوئاشوب، ئەو رێگا راستانەش بگرنەبەر کە ئایینی پیرۆزی ئیسلام چەساپاندویەتی، هەر ئەوەش وا دەکات کۆمەڵگەمان بەدور بێت لە شەڕ و ناکۆکی و لێکترازان. بەرز و زیندوو بێت (١٢ی ربیع الاول) یادی لەدایکبونی فەخری کائینات پێغەمبەرمان محەمەد (د-خ) جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ٢٠٢٥/٩/٣