بەروار: 28/01/2026
ئەمڕۆ (٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی گەرمیان و سەرۆکی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان، سەبارەت بە پشتیوانیکردنی رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ مامۆستایانی ئاینی کۆبوەوە. لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، م.صەباح محمد، بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی گەرمیان ووتەیەکی پێشکەشکرد و تیشکی خستەسەر گرنگی رۆڵی مامۆستایانای ئاینی بۆ خزمەتی کۆمەڵگە و بەدیهێنانی یەک ریزی و کۆدەنگی لە پرسە گرنگەکاندا. دواتر جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، رایگەیاند، شەڕێک بەرپابووە لە رۆژاوای کوردستان دژی میلەتی کوردی موسڵمان کە درێژکراوەی هێرشی تیرۆریستانی داعشە لە ساڵی ٢٠١٤ بۆیە دەبێت هەموومان پشتیوانی براو خوشکانمان لە رۆژاوا بکەین. راشیگەیاند، هیچ میلەتێکی جیهان بەقەد گەلی کورد موسڵمان نیە کە پابەند بێت بە بنەماکانی ئاینی ئیسلام، بۆیە ئێوەی مامۆستای ئایینی دەبێت رۆڵتان هەبيت بۆ پاڵپشتیکردنی میلەتەکەمان، خۆتان بەدور بگرن لە هەر ووتارێک هێرش بێت بۆسەر پرسە نەتەوەییەکان. ووتیشی، لەژێر ناوی ئاینی ئیسلام و خەلافەتدا هێرش دەکەنە سەر کوردانی رۆژاوا، کە لە هیچ دەقێکی ئاینی ئیسلام ئەمەی روودەدات جێگەی نابێتەوە، وەک کوشتی خەڵکی بێتاوان و مناڵ و ژن و بردنی ماڵی خەڵک و سوکایەتی بە لاشەی مردوو بۆیە دەبێت هەموومان هەڵوێستی یەکگرتومان هەبێت وەک موسڵمانان بۆ رێگری لەو کارە تیرۆریستیانە. سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان داواشیکرد، مامۆستایانی ئاینی هاندەری موسڵمانان و هاوڵاتیان بن بۆ بەشداریکردن لە کەمپینەکانی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ رۆژاوای کوردستان. دواتر، مەلا ئیدیس ژاڵەیی سەرۆکی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان ووتەیەکی پێشکەشکرد و دوابەدوای ئەوەش مامۆستایانی ئاینی بەشداربووی کۆبونەوەکە سەرنج و تێبینی خۆیان خستەڕوو.