بەروار: 04/02/2026
ئەمڕۆ (٤ی شوباتی ٢٠٢٦) شاندێکی رێکخراوەکانی بواری ژنان لە سلێمانی، سەردانی ئیدارەی گەرمیانیان کرد و سەرپەشتیاری ئیدارەی گەرمیان بەئامادەبوونی نوێنەری ئیدارەی گەرمیان بۆ کاروباری خانمان و لێپرسراوی شێڵتەری ژنانی گەرمیان، لەگەڵیاندا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی رێکخراوەکانی ژنان رایانگەیاند، ئەمڕۆ بە ئامانجی سەردانی شێڵتەری گەرمیان و بەئاگابوون لە بارودۆخی ژنان لە گەرمیان سەردانەکەیان ئەنجامداوە. هەر لە سەردانەکەیاندا، سوپاسی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانیان کرد لەبەرامبەر گرنگیدانی بە شێڵتەری ژنان لە سنورەکە و هاوکاری بەردەوام و هەماهەنگی و پەیوەندی باشی ئیدارەی گەرمیان و دامودەزگاکانی سنورەکە لەگەڵ رێکخراوەکانی ژناندا. لای خۆیەوە، جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، وێڕای بەخێڕهاتنی شاندەکە، تیشکی خستەسەر گرنگی شێڵتەری ژنان و ئامادەیی ئیدارەی گەرمیانیشی پیشاندا بۆ هاوکاری بەردەوامی شێڵتەرەکە و بەدەمەوەهاتنی داواکارییەکانیان. هاوکات، دەسخۆشی لە رێکخراوەکانی بواری ژنان کرد و ئەوەشی دوپاتکردەوە، ئیدارەی گەرمیان بەگرنگیەوە لە توانای ژنان دەڕوانێت و هەماهەنگی و پەیوەندی باشیش لە نێوان ئیدارە و رێکخراو و چالاکوانانی بواری ژنان لە سنورەکەدا هەیە.